سەرۆکی لوبنان: تەقینەوەکە زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار زیانی هەبووە

سەرۆکی لوبنان: تەقینەوەکە زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار زیانی هەبووە
میشێل عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار زیانی بە وڵاتەکەی گەیاندووە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ پادشا فلیپی ئیسپانیا، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، "خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە زیانەکانی تەقینەوەکەی بەندەرەکە سەرووی ١٥ ملیار دۆلارە."
رۆژی ٤ی ئەم مانگە کۆگایەک کە دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدابوو لە بەندەری بەیرووت تەقیەوە و زیانی بە بەشێکی زۆری شارەکە گەیاند.
چەندین وڵاتی جیهان لە رێگەی هاوکاری لۆجستی، مرۆیی و دارایی هاوسۆزی خۆیان بۆ لوبنان دەربڕی و تا ئێستا سەدان ملیۆن دۆلار کۆمەک پێشکێشی ئەو وڵاتە کراوە.
هەروەها تەقینەوە گەورەکە ناڕازاییەکانی خەڵکی لوبنانی بەرامبەر گەندەڵی و خراپبەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان زیاترکرد و داوادەکرێت بەدواداچوونێکی نێودەوڵەتی بێلایەن بکرێت بۆ دۆزینەوە و سزادانی لایەنی بەرپرس لە تەقینەوەکە.
هەروەها داواکارییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی لوبنانیش بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سیستمی وڵات زیادیانکردووە و رۆژی دووشەممە حکومەتی ئەو وڵاتە بە سەرکردایەتی حەسان دیاب دەستی لەکارکێشایەوە.
هاوکات ژمارەیەک بەرپرسی بەندەر و گومرکی لوبنان خراونەتە ژێر چاودێری یاساییەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و ژمارە بانکییەکانی هەندێکیان سڕکراون.\




rudaw
Top