لە یەمەن بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە 172 کەس گیانیان لەدەستدا
بەرپرسانی یەمەن دەڵێن، لە پارێزگای مەئریبی رۆژهەڵاتی سەنعا 30 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە کە 19 کەسیان منداڵ بوون.
بە گوتەی بەرپرسانی سەنعا، هەر لە ئەنجامی باران و لافاوەکە ژمارەیەکی زۆر چادر تێکچوون کە نزیکەی هەزار و 340 خێزانی ئاوارە تێیاندا دەژیان.
لە پارێزگای لەحجیش حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش کاتێک ئۆتۆمبێلەکەیان ئاو بردوویەتی و چوار کەسی دیکەش لەسەر رێگەی نێوان پارێزگاکانی حەزرەمەوت و شەبوە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی حوسییەکانیش گوتیان، لە ناوەڕاستی تەممووزەوە تاوەکو 7ی ئەم مانگە 131 کەس بەهۆی باران و لافاوەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان گیانیان لەدەستداوە و 124 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی حوسییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، بارانبارین و لافاوەکە بووەتەهۆی رووخاندنی 106 خانوو و باڵەخانە و زیانیشی بە 165 خانوو و باڵەخانەی دیکە گەیاندووە.
هاوکات رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەو زیانە گیانیانە و بەرکەوتنی زیان بە ناوچە شوێنەوارییەکان راگەیاندووە.
rudaw
