ژماره‌ی قوربانیانی به‌یروت رو له‌زیادبون ده‌كات و چاره‌نوسی ده‌یان كه‌س دیارنیه
بەپێی ماڵپەڕی روسیا توده‌ی، وه‌زاره‌تی فریاكه‌وتنی روسیا له‌چوارچێوه‌ی هاوكاریه‌كانیان بۆ ده‌رهێنان و رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وتونه‌ته ژێر باڵه‌خانه و خانوه روخاوه‌كانی به‌یروته‌وه، ئه‌مڕۆ ته‌رمی دو كه‌سیان له ناوچه‌ی مه‌رفای به‌یروت ده‌رهێناوه.
كۆی گشتی ژماره‌ی كوژراوانی ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كه‌ی به‌یروت گه‌یشتوه‌ته 171 كه‌س
هاوکات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لوبنان ئاشكرایكردوه، كۆی گشتی ژماره‌ی كوژراوانی ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كه‌ی به‌یروت گه‌یشتوه‌ته 171 كه‌س، تا ئێستاش چاره‌نوسی 30-40 كه‌س دیار نیه و گه‌ڕان به‌دوایاندا به‌رده‌وامه، زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌سیش برینداربون.
ژماره‌یه‌ك له كوژراوانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 4ی ئەم مانگە، نه‌ناسراون
پێشتریش ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنان ئاشكرایانكردبو، ژماره‌یه‌ك له كوژراوانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 4ی ئەم مانگە، نه‌ناسراون و به‌شێكیشیان شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر و كرێكاری بیانین.
خەندان-
