لە بەیرووت خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمان

لە بەیرووت خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمان

هەزاران خۆپیشاندەر لە بەیرووت چوونە سەر پارلەمان و دەیانەوێت دیوارەکان بڕووخێنن بچنە ناوەوە، بەڵام هێزی ئەمنی ناهێڵن و بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان بوونەوە و نەیانتوانی بڵاوەیان پێبکەن.

خۆپیشاندەرێک دەڵێت، "ئەم شۆڕشە ناوەستێت تاوەکو هەموو مافەکانمان لەم دەسەڵاتە گەندەڵە بەدەستدەهێنین. ئەوەی دەیانەوێت با بیکەن و ئێمەش ئەوەی دەمانەوێت دەیکەین. پاشەکشێ ناکەین تاوەکو لە هەموو لوبنان دەریاندەکەین نەک تەنیا لە پەرلەمان و لە حکومەت؛ لە هەموو شتێک ئەوان تێیدان، لە سەری هەڕەمەکەوە تاوەکو بچووکترین بەڕێوەبەری گشتی. قەدەخەیە دزی لە لوبنان بکەن".

دوای تەقینەوەکەی بەیرووت گەنجەکان زیاتر تووڕە و بێزارن لە دۆخی خۆیان و لوبنان. رۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار گەنج دەچنە شوێنی تەقینەوەکە و لەوێوە بەرەو پارلەمان دەچن.

خۆپیشاندەرێکی کچ دەڵێت، "دەبێت دەسەڵاتی تایەفی بڕۆخێت، ئەگەرنا دەوڵەت دروست نابێت. دزییان لێکردنین، کوشتینیان، برسییان کردین؛ دەبێت هەموو تاکێکیان بڕووخێ. هەموو حیزبێک لەو کارەساتەی روویدا بەرپرسە".

خۆپیشاندەران لە چوار لاوە هەوڵیان دا بچنە نێو بینای پەرلەمانەوە، بەڵام بەربەستەکان رێگریانن.

خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێت، "ێمە متمانەمان پێیان نییە، تەنانەت وڵاتانیش متمانەیان پێیان نییە و پارەیان بۆ نانێرن، بەڵام ئەوان هیچ کات شەرم ناکەن. ئێمە متمانەمان بە هەموو دەسەڵات نییە".

لەدوای تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت، گۆڕەپانی شەهیدان قەرەباڵختر دەبێت. دەمەو ئێواران نزیکەی پێنج هەزار کەس لە تەمەنی جیاواز لەوێ کۆدەبنەوە.



rudaw
Top