هەموو شتێک لەبارەی ڤاکسینە رووسییەکە

هەموو شتێک لەبارەی ڤاکسینە رووسییەکە
رووسیا بووە یەکەم وڵاتی جیهان کە ئەمڕۆ ڤاکسینی دژی پەتای کۆرۆنای تۆمارکرد، ڤاکسینەکە لە قۆناغی تاقیکردنەوەیدا لەسەر کچێکی سەرۆکی رووسیا تاقیکراوەتەوە، بۆیە پوتن ئەمڕۆ بە شانازییەوە باسی لەو دەستکەوتە کرد.

ئەو ڤاکسینە رووسییە، لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی رووسیا (گامالیا) و وەزارەتی بەرگریی رووسیا پەرەی پێدراوە، لەوەتەی گوتراوە "یەکەم ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19)ـیە لە جیهان" هەموو چاوەکانی لەسەرە و هیوایەکی زۆری بەخشیوە، بەڵام هەندێک گومانیشی لەسەرە.

ڤاکسینە رووسییەکە چۆن دروستکراوە؟

ڤاکسینەکە بەشێوەیەک دروستکراوە بەرگریی جەستە لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاددەکات. ئەلیکساندەر گینتسبێرگ، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی گەمالیا دەڵێ "ئەو بەشە بچووکانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ڤاکسینەکەدا هەن، ناتوانن زیان بە جەستە بگەیەنن، چونکە زیاد ناکەن"، هەروەها باس لەوە دەکات "ئەو بەش و شتانەی زیاد دەکەن، ئەوانە بە زیندوو لە قەڵەمدەدرێن، بەڵام ئەو بەشانەی ڤایرۆسەکە کە لەنێو ڤاکسینەکەدا بەکارهاتوون، بە زیندوو لەقەڵەم نادرێن".

شارەزایان گومانیان هەیە

شارەزایان گومانی خۆیان نەشاردووەتەوە، هەرچەندە ڤاکسینە رووسییەکە لەلایەن ئانا پۆپۆڤا، سەرۆکی دامەزراوەی چاودێریی تەندروستی رووسیا رێگەی پێدراوە و، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی رووسیاش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد.

ئەلیکساندەر چیپۆرنۆڤ، بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوە لە ڤایرۆس و بایۆتەکنەلۆجیا لە رووسیا (ڤیکتۆر) گومانی هەیە لەو داتایەی لەلایەن حکومەتی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ "ترسناکییەکە لەوەدایە ئەگەر ڤاکسینەکە هەڵەیەکی تێدابێ، قورسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکات" ئاماژە بەوە دەکات، "هەمیشە ئەگەرێک هەیە بۆ روودانی هەڵە".

چیپۆرنۆڤ باس لەوە دەکات "بۆ هەندێک نەخۆشی و بۆ ڤایرۆسی کۆرۆناش، ئەوە پێشتر زانراوە، کە قورسیی توشبوون بە پەتاکە بە بوونی هەندێک دژەتەن دەگۆڕێت، بۆیە دەبێت بزانرێت ئەو ڤاکسینە چ جۆرە دژەتەنێک دروست دەکات".

تەندروستی جیهانی ئامۆژگاریی رووسیای کردووە پەیڕەوی پرۆتۆکۆلەکان بکات

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) پێشتر هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی رووسیا، کە بەپێی ئەو رێکارانەی پێشتر دانراون، بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەر لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڤلادیمێر پوتن: دەست بە هەڵمەتی کوتان بکەن

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا ئەمڕۆ مزگێنییە گەورەکەی راگەیاند و، تۆمارکردنی ڤاکسینەکەی راگەیاند، کە نزیکەی ساڵێکە جیهانی گیرۆدە کردووە.

پێشتر لە بڕیارێکدا پووتن گوتبووی "حکومەتی رووسیا دەبێت پارەدارکردنی هەموو هەڵمەتەکان کە ئامانجیان رێگریکردنە لە هەوکردنی تووندی سییەکان لە ساڵانی 2020 و 2021 بگرێتە ئەستۆ". هەروەها جەختی کردبووەوە لەوەی "لەدوای تۆمارکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، دەبێت دەست بە کوتان بکرێت".

زیاتر لە 20 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا

دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ پەتای کۆرۆنا، ئەو هەواڵەیەکە کە زۆربەی خەڵکی جیهان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕییان دەکرد، چونکە لەدوای هەشت مانگ لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە جیهان، تاوەکو ئێستا بەپێی ئاماری فەرمی زیاتر لە 20 ملیۆن و 275 هەزار کەس تووشی بوون.

هەروەها 739 هەزار و 526 کەس بەهۆی ئەو پەتا جیهانییەوە گیانیان لەدەستداوە، لە بەرامبەردا 13 ملیۆن و 201 کەس چاکبوونەتەوە لەڕێگەی پەیداکردنی بەرگری جەستە.

ئێستاش بەپێی ئاماری فەرمیی وڵاتان، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لە جیهان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و، لە چاوەڕوانیی دەرمان یان ڤاکسینێکی کاریگەرن بە زوویی لەو پەتایە رزگاریان بکات، کە بۆ 20٪ـی تووشبووان نیشانەکانی قورسن و بۆ 2٪ـیشیان کوشندەیە.







K24 -
Top