دادگایەکی ئەمریکی 21 رۆژ مۆڵەت بە محەمەد بن سەلمان دەدات

دادگایەکی ئەمریکی 21 رۆژ مۆڵەت بە محەمەد بن سەلمان دەدات


دادگایەکی ئەمریکی بانگهێشتی شازادەی جێنشینی سعودیە دەکات و ماوەی 21 رۆژ مۆڵەتی پێدەدات.

لە فەرمانەکەدا، دادگایەکی ئەمریکی داوا لە محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە دەکات لە ماوەی 21 رۆژدا، خۆی یان پارێزەرێکی بنێرێتە دادگا، ئەگەرنا بەشێوەی نەهاتوو (غیابی) بڕیار لە دژی دەدرێت.

ئەو بانگهێشتەی دادگا دوای تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاساییە لەسەر محەمەد بن سەلمان لەلایەن سەعد جەبری، کە هاووڵاتییەکی سعودیە و لە کەنەدا دەژی.

سەعد جەبری بە دادگاکەی راگەیاندووە، پیاوانی سەر بە محەمەد بن سەلمان هەوڵیان داوە لە کەنەدا، ئەو تیرۆر بکەن.

سەعد جەبری، کە پلەی لیوای سەربازی هەیە، پێشتر راویژکاری محەمەد بن نایف، شازادەی جێنشینی سعودیە بوو، کە محەمەد بن نایف بە فەرمانی محەمەد بن سەلمان لە پۆستی شازادەی وڵات، دوور خرایەوە.

جەبری دوای دوورخستەنوەی محەمەد بن نایف، لە مانگی 5ـی 2017 سعودیەی بەجێ هێشت و وەک پەنابەری سیاسی رووی لە کەنەدا کرد.

محەمەد بن سەلمان، کە لە ساڵی 1985 لەدایک بووە، کوڕی شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی شای سعودیەیە و لە مانگی 6ـی 2017 و دوای دوورخستنەوەی محەمەد بن نایفی ئامۆزای، بووەتە شازادەی جێنشینی سعودیە.

وێنەیەکی سەعد جەبری و بانگهێشتەکەی دادگا




باسنيوز
Top