ئەردۆگان: پڕۆسەی گەڕان بەدوای وزە لە دەریای ناوەڕاست دەستپێدەکەینەوە
سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی یۆنان پابەند نەبوە بە پەیماننامەکان لەبارەی دەرهێنانی وزە لە دەریای ناوەڕاست، ئەنقەرە پڕۆسەی گەڕان و روپێوی لەو ناوچەیە دەستپێکردوەتەوە.
ئەردۆگان لەوبڕوایەدا نییە تورکیا ناچاربێت بە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە مافیان نییە لەسنورە ئاوییەکانی وڵاتەکەیدا
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانەی وتارێکدا لە مزگەوتی ئایاسۆفیا رایگەیاند، ئەنقەرە پڕۆسەی گەڕان و روپێوی لە دەریای ناوەڕاست دەستپێکردوەتەوە، لەوبڕوایەدا نییە وڵاتەکەی ناچاربێت بە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە مافیان نییە لەسنورە ئاوییەکانی وڵاتەکەیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کەشتی "سێزمی" نێردراوە بۆ دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوەی ئەرکەکانی خۆی بە روپێویکردنی ئەو ناوچەیە جێبەجێبکات.
تورکیا سورە لەسەر جێبەجێکردنی پاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لەنێوان ئەنقەرە و حکومەتی ویفاق واژۆکراوە
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان یۆنان و میسڕ لەبارەی بەشکردنی ناوچەی ئابوری لە دەریای ناوەڕاست لە نێوانیاندا ئەردۆگان وتی، "ئەو رێککەوتننامەیە پوچەڵە، تورکیا سورە لەسەر جێبەجێکردنی پاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لەنێوان ئەنقەرە و حکومەتی ویفاق واژۆکراوە".
شەشی ئەم مانگە، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی ئەسپن بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا لە دژی تورکیا لەبارەی سنورە ئاوییەکانی نێوانیان لە دادگای دادی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە شاری لاهایە.
باسنيوز
