لەبارەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هۆشداری دەدرێت بە روسیا، چین و ئێران

 لەبارەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هۆشداری دەدرێت بە روسیا، چین و ئێران
ناوەندی بەرەنگاربونەوەی سیخوڕی لە ئەمریکا رایگەیاند، روسیا، چین و ئێران هەوڵی دەستوەردان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەمساڵی ئەمریکا دەدەن، روسیا دەیەوێت لەو هەڵبژاردنەدا جۆ بایدن براوەبێت.

روسیا، چین و ئێران لە رێگەی ئینتەرنێت و هۆکاری دیکەشەوە زانیاری چەواشەکاری لەبارەی پاڵێوراوانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمساڵ بڵاودەکەنەوە


ولیان ئیڤانینا، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربونەوەی سیخوڕی لە ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هەرسێ وڵاتی روسیا، چین و ئێران لە رێگەی ئینتەرنێت و هۆکاری دیکەشەوە زانیاری چەواشەکاری لەبارەی پاڵێوراوانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمساڵ بڵاودەکەنەوە، بۆ ئەوەی کار لەسەر دەنگدەرانی وڵاتەکە بکەن و متمانەی هاوڵاتیان بە پاڵێوراوەکان کەمبکەنەوە.

روسیا هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی جۆ بایدن براوەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا


ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە قورسە بۆ دوژمنانی ئەمریکا دەستوەردان یان یاری بە دەرئەنجامەکان پڕۆسەی دەنگدان بکەن، بەڵام روسیا هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی جۆ بایدن، پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا براوەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نیوجێرسی لەبارەی وەڵامی ئەو بۆ دەستوەردنی ئەو سێ وڵاتە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا رایگەیاند، "چاودێری ئەو وڵاتانە دەکەین، دەبێت زۆر هۆشیاربین لەوبارەیەوە".

ترەمپ باسی لەوەشکرد، لەو بڕوایەدایە روسیا، چین و ئێران نایانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوبێت بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی گۆڕینی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان دەدەن، ئەگەر ئەو پڕۆسەیە بە شێوەی دەنگدانی ئەلیکترۆنیش بەڕێوەبچێت مەترسی دەستوەردان تێیدا زیاتردەبێت.

پێنجی ئەم مانگەش بەڕێوەبەرایەتی پێدانی بەخشش بۆ سەقامگیرکردنی دادوەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (RFJ) رایگەیاند، بەخششی 10 ملیۆن دۆلار دەدرێت بە هەر کەسێک کە زانیاری بدات دەبارەی هەرکەس و لایەنێک کە کار لەگەڵ وڵاتانی بیانی دەکەن بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.









خەندان
Top