ترەمپ: لەگەڵ ئێران و کۆریای باکوور رێک دەکەوم
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و کۆریای باکوور، رێککەوتن دەکات.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی دووبارە بووەوە سەرۆکی وڵات، بە خێرایی لەگەڵ کۆریای باکوور و ئێران رێک دەکەوێ.
بڕیارە رۆژی 3-11-2020، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە بچێت، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستا، بە نوێنەرایەتیی پارتی کۆماریخواز، رکابەریی جۆ بایدن، کاندیدی پارتی دیموکراتخوازەکان دەکات.
ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما (2009- 2017)، رێککەوتنێکی ناوکی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە و چەندین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.
شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
