تەقینەوەی بەیرووت و پەند وەرنەگرتنی مرۆڤ لە مێژووی نەتراتی ئەمۆنیۆم
بە ئاماژەكردن بۆ لێدوانی سەرۆكی حكوومەتی لوبنان، حەسەن دیاب، ئەو تەقینەوە گەورەیەی لە بەندەری بەیرووت روویدا و كامێراكانی چاودێری ھێزە لەرادەبەدەرەكەی تەقینەوەكەیان گواستەوە، بە ھۆی بارێكی نەتراتی ئەمۆنیۆم بووە، كە نزیكەی 2750 تەن بووە و شەش ساڵە لە یەكێك لە كۆگاكانی بەندەرەكە دانرا بوو.
ئەم مادەیە، پێكھاتەیەكی كیمیاییە "NH4NO3"، وێنەی لە بلوورییەكان دەچێت و بێ رەنگە، بەوە دەناسرێتەوە كاتێك بە با دەگات شل دەبێتەوە، ھەروەھا لەناو ئاودا بەباشی دەتوێتەوە و پێكھاتەكە دهبێتە میتانۆڵ و ئیتانۆڵ.
یەكێك لە خسڵەتەكانی ئەمۆنیۆم توانای كۆتەڵبوونی ھەیە، بۆیە بەردەوام بەشێوەی تێكەڵەیی ھەیە لەگەڵ كبریتەكانی ئەمۆنیۆم یان خوێیەكانی كالسیۆم.
شتی ھەر كاراتر ئەوەیە، نەتراتی ئەمۆنیۆم مادەیەكی تواناداری داگیرسان و تەقینەوەیە. خێرایی تەقینەوەكەشی دەگاتە 2500 مەتر لە چركەیەكدا.
ئەوەی زیاتر ئەم پێكھاتەیە مەترسیدار دەكات، لە كاتی سووتانیدا ئۆكسیدەكانی نایترۆجینی ژەھراوی لێدەكەوێتەوە، ھەر ئەمەشە راڤهكردنی لێدوانەكەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە پایتەختی لوبنان، كە ھەندێك راپۆرت باسی "دەرچوونی گازی ژەھراوی دەكەن لە ئەنجامی تەقینەوەكەی بەیرووت".
سەیر لەوە دایە، ئەم پێكھاتە مەترسیدارە تەقێنەرە، لە پیشەسازی و درووستكردنی پەییندا بەكاردەھێنرێت، چونكە رێژەیەكی زۆری "ئەزۆت"ی تێدایە.
جگە لە پیشەسازی پەیین، ئەم پێكھاتە مەترسیدارە لە درووستكردنی بۆمبەكان و ئەو تەقەمەنیانەدا بەكاردەھێنرێت، كە بۆ كانهبەرد بەكاردەھێنرێن، چونكە ئەم پێكھاتەیە بە ئاسان دادەگیرسێت بەھۆی ھەبوونی ئۆكسجینێكی زۆر لە ناو گەردەكانیدا.
ھەروەھا نەتراتی ئەمۆنیۆم لە بەرھەمھێنانی دژەبەكتریا و خومرە بەكار دەھێنرێت، ھەروەھا بەھۆی خسڵەتەكانی لە درووستكردنی داری شخاتە و یارییە ئاگرییەكاندا بەكار دەھێنێرێت.
نەتراتی ئەمۆنیۆم زۆر رووداوی تۆماركردووە و كارەساتی لێكەوتووەتەوە، یەكەمیان بۆ ساڵی 1921 دەگەڕێتەوە لە شاری "لۆدفیگسھافن"ی ئەڵمانی.
دوای ئەو، كارەساتێكی دیكە لە بەندەری تێكساس كەوتەوە لە 16ی نیسانی ساڵی 1947، ئاگری لە كەشتییەك بهردا، كە 2300 تەن لە مادەی نەتراتی ئەمۆنیۆمی باركردبوو. تەقینەوەكە بوویە ھۆی گیان لە دەستدانی سهدان كهس و برینداربوونی ھەزارانی دیكە. بۆیەش بەوە وەسفكرا كە گەورەترین كارەساتی "نا ئەتۆمییە" لە جیھاندا.
دواتریش لەم جۆرە رووداوانە چەند بارە بوونەوە، بە تەقینەوەی كارگەی پەیینەكانی كشتووكاڵی لە شاری تۆلۆزی فهرهنسادا لە ساڵی 2001 و بووە ھۆی كوشتنی 15 كەس و برینداربوونی 200 كەسی دیكە.
لە ساڵی 2013 تەقینەوەیەك لە كارگەیەكی دیكەی پەیین لە ئەمەریكا روویدا، لە ناوچەی وست لە ویلایەتی تێكساس. لە ئەنجامدا 14 كەس كوژران و نزیكەی 200 كەسیش برینداربوون، لێكۆڵەرەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە نەتراتی ئەمۆنیۆم ھۆكاری كارەساتەكە بووە.
له نوێترین رووداودا، نەتراتی ئەمۆنیۆم كارەساتێكی گەورەی نایەوە لە بەندەری بەیرووتی پایتەخت تەقینەوەیهكی بههێز روویدا، كە لە یەكێك لە كۆگاكانی ئەو بەندەرە، بارێكی نزیكەی 2750 تەن لەم "پەیینە" تەقێنەرە مەترسیدارەی تێدا بوو، كە لەوانەیە نازناوی "گەورەترین تەقینەوەی نائەتۆمی" لەبەندەری تكساسەوە بگوازێتەوە بۆ بەندەری بەیرووت بەھۆی گەورەیی دیمەنەكەوە
k24
