ماکرۆن دوای تەقینەوە گەورەكە سەردانی بەیروت دەکات

ماکرۆن دوای تەقینەوە گەورەكە سەردانی بەیروت دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە لە یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتاندا، لە دوای تەقینەوەکانی بەندەری بەیرووت، ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کە بۆ گەیاندنی پاڵپشتیی وڵاتەکەی، سەردانی لوبنان دەکات.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشێتید پرێس)، نووسینگەی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە کە سەرۆک ماکرۆن چاوی بە سەرکردە سیاسییەکانی لوبنان دەکەوێ.


فەرەنسا رایگەیاند دوای ئەو تەقینەوەیەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم 100 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە، چەندین تۆن کۆمەک و تیمی بەهاناوەچوون و فریاگوزاری دەنێرێتە لوبنان.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە چەند فڕۆکەیەک لە ناویاندا دوو فڕۆکەی سەربازی لە سوپای فەرەنسا، لەگەڵ هێزێكی ئاسایشی مەدەنی و ئەندامانی فریاگوزاری و سەنتەری گەڕۆکی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی 500 بریندار دەگەنە لوبنان.


لەمبارەوە جان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی “لوبنان و لوبنانییەکان دەتوانن لە دۆخە سەختەکاندا پشت بە فەرەنسا ببەستن، ئێمە لە ساتە دژوار و مەرگەساتەکاندا دان بە هاوڕێکانماندا دەنێین”.

گوتیشی “فەرەنسا لەو کارەساتدا لە تەک لوبنانییەکاندا دەبێ، وەک هەمیشە کردوویەتی و هەر واش دەمێنێتەوە”. داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە هاوکاری لوبنان بکەن.













باسنيوز


Top