ئەڵمانیا قەدەغەی گەشتكردن بۆ توركیای هەڵگرت

ئەڵمانیا قەدەغەی گەشتكردن بۆ توركیای هەڵگرت
حكوومەتی ئەڵمانیا بڕیاری دا قەدەغەی گەشتكردن بۆ توركیا هەڵبگرێت و، ئیدی هاووڵاتیانی ئەڵمانیا بۆیان هەیە بەمەبەستی گەشتكردن ڕوو لە توركیا بكەن.

توركیا هەموو ئامادەكارییەكی كردووە بۆ سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی كەرتی گەشتیاری، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ٤ مانگی رابردوودا بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە بەتەواوی پەكی كەوتبوو، بەڵام ئەڵمانیا توركیای نەخستبووە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی ئارامن و گەشتكردن بۆیان ئاساییە.

لە تازەترین بڕیاری دا، حكوومەتی ئەڵمانیا بڕیاری داوە لەمەودوا هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بۆیان هەیە بچنە توركیا و دوای گەڕانەوەشیان لە ئەڵمانیا كەرەنتین ناكرێن، ئەم بڕیارەش حكوومەتی توركیای دڵخۆش كردووە و سوپاسی ئەڵمانیا دەكەن.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، ئەو بڕیارەی ئەڵمانیا وا دەكات كەرتی گەشتیاریی توركیا زیندوو ببێتەوە، چونكە ساڵانە زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیاری ئەڵمانی روویان لە توركیا كردووە و هاتنی گەشتیاری ئەڵمانی بۆ توركیا گرنگە.













باسنيوز



Top