سوپای پاسداران: لە تۆڵەی کوژرانی سولەیمانیدا قودس رزگار دەکەین
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆر بۆنە و کۆبوونەوەدا ئاماژە بە تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی دەکەن. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لە کۆبوونەوەی رۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی: "کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەبیر ناکەین و بێگومان گورزێکی هاوشێوە لە ئەمریکا دەوەشێنین".
هەروەها عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، 22ی حوزەیران هەڕەشەی کرد کە تۆڵەیەکی تووندیان دژی ئەمریکا بەڕێوەیە و لە تویتێکدا نووسی: "ئێرانی و عێراقییەکان تاوەکو تۆڵەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس نەکەنەوە، ئارام دانانیشن".
تازەترین لێدوانی بەرپرسی باڵای ئێران لەبارەی تۆڵەی قاسم سولەیمانی قسەکەی حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە ئەمڕۆ سێشەممە گوتی: "درێژە بە رێگەی قاسم سولەیمانی دەدەین، ئەمەش واتە ئازادکردنی قودس و سڕینەوەی دوژمنانی ئیسلام و دەرکردنیان لە ناوچە ئیسلامییەکان".
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
بەرپرسانی ئێران لە تۆڵەی قاسم سولەیمانیدا باس لە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن و چەندجارێکیش هەوڵیان بۆ تۆڵەکردنەوە داوە. رۆژی 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ مووشەکبارانی دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە عێراق کرد و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا بریندار بوون، کە هەندێکیان تووشی لەقینی مێشک بوون، بەڵام هیچ سەربازێک نەکوژرا.
عەلی خامنەیی لەکاتی رێوڕەسمی ناشتنی قاسم سولەیمانی بە ئاماژە بەو هێرشە مووشەکییە، گوتی: "ئەمە زللەیەک بوو لەڕووی ئەمریکا درا و بابەتی تۆڵەسەندنەوە بابەتێکی جیاوازەو کاری سەربازی لەوجۆرە بەس نییە".
میدیای ئەمریکی رۆژی 9ی کانوونی دووەم 2020 بڵاویکردەوە کە ئێران لانیکەم لە سێ رێگەی نهێنییەوە ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە کە تەنیا یەکجار هێرش دەکەن. یەکێک لەو رێگایانە باڵیۆزخانەی سویسرا بوو کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ئێران. هەروەها بەرپرسانی عێراق، فینلەندا و دانیمارکیش دواتر گوتیان ئاگاداری هێرشەکە بوون.
RUDAW
