رووسیا بەرهەمهێنانی نەوت زیاددەکات

رووسیا بەرهەمهێنانی نەوت زیاددەکات
رووسیا لە مانگی تەممووزدا لەسەرخۆ بەرهەمهێنانی نەوتی زیادکردووە. بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی وزەی رووسیا، ئەو وڵاتە لەو مانگەدا بەشێوەیەکی گشتی رۆژانە 9 ملیۆن و 371 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لە کاتێکدا لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە 9 ملیۆن و 329 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا لە کاتێکدایە کە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC) و هاوپەیمانەکانی مانگی رابردوو رێککەوتن کە لە سەرەتای مانگی ئابدا بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژێکدا لە 9.6 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 7.7 ملیۆن بەرمیل داببەزێنن.

وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک بە سەرکردایەتیی سعودیە و هاوپەیمانەکانی بە سەرکردایەتیی رووسیا بڕیارە بە زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە.

رووسیا لە رێککەوتنەکانی پێشووی لەگەڵ رێکخراوی ئۆپێکدا پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بووە. ئەو وڵاتە لە دوو مانگی یەکەمی رێککەوتنەکەدا رۆژانە 8.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی جگە لە نەوتی کۆندێنسەیت بەرهەمهێناوە. بەو شێوەیە پابەندبوونی تەواوی بە رێککەوتنەکەوە پیشانداوە.

بە گوێرەی رێککەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە سەرەتای مانگی ئابدا رووسیا دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژێکدا بە بڕی 500 هەزار بەرمیل بۆ رۆژانە 8.99 ملیۆن بەرمیل بەرزبکاتەوە.

وەزارەتی وزەی رووسیا داوای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی کردووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە، چونکە ئەو نەوتەی بەرهەمەی دەهێنن هەمووی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان ناکرێت، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەری لە ناوخۆ دەپاڵێورێت، بەکاربردنی نەوت زیاددەبێت.















رووداو
Top