سەرۆكی ئەمریكا "تیك تۆك" لە وڵاتەكەی قەدەغەدەكات

 سەرۆكی ئەمریكا

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمڕۆ واژۆ لەسەر فەرمانێك دەكات تایبەت بە رێگرتن لە بەكارهێنانی بەرنامەی "تیك تۆك" كە كۆمپانیای بایت دانس-ی چینی لە ئەمریكا بەرهەمیهێناوە.

سەبارەت بە تیك تۆك، ئێمە لە وڵاتەكەی خۆمان قەدەغەی دەكەین، منیش فەرمانەكە واژۆدەكەم

لەمیانی وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لەناو یەكێك لە فڕۆكەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی وتی "سەبارەت بە تیك تۆك، ئێمە لە وڵاتەكەی خۆمان قەدەغەی دەكەین، منیش فەرمانەكە واژۆدەكەم".

ویلایەتە یەكگرتوەكان لە هەوڵی گرتنەبەری رێكاری جیاوازدایە دژ بە بەرنامەی تیك تۆك

پێشتر ترەمپ رایگەیاندبو، ویلایەتە یەكگرتوەكان لە هەوڵی گرتنەبەری رێكاری جیاوازدایە دژ بە بەرنامەی تیك تۆك، یەكێك لەو رێكارانەش قەدەغەكردنی دەبێت.

هاوكات مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێشتر ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی ئەوەی گومانی ئەنجامدانی سیخوڕی لێدەكرێت، پێیوایە ئەو بەرنامەیە لە ئەمریكا یاساغدەكرێت.

ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی هەنگاوە دژیەكەكانی نێوان ئەمریكا و چین-دایە، كە چەندین مانگە جەنگێكی ئابوری لە نێوانیاندا هەیە و هەریەكێكیان سزای جۆراوجۆر بەسەر كەرتی ئابوری و پیشەسازی و وەبەرهێنانی یەكدیدا دەسەپێنن.




خەندان
Top