پایسکلەکانی سەرۆک لەپێناو تەندروستیی بەریتانییەکاندا

پایسکلەکانی سەرۆک لەپێناو تەندروستیی بەریتانییەکاندا
حکومەتی بەریتانیا و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، دوو ملیار پاوەندیان بۆ پرۆژەکانی پایسکل تەرخانکرد، لەپێناو تەندروستییەکی باشتر بۆ بەریتانییەکان و خۆپاراستن لە قەڵەوی و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا.

پرۆژەکە پایسکلی ئاسایی و پایسکلی ئەلیکترۆنی لە خۆ دەگرێت، پایسکلە ئەلیکترۆنییەکان کە مەکینەیەکی بچووکیان پێوەیە، بۆ کەسانی نەخۆش و بەتەمەنە کە هاوکارییان دەکات لە پایدەرلێداندا پێویستییان بە هێزی کەمتر هەبێت.

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی وڵات، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ماوەی یەک ساڵی لە سەرۆکایەتی حکومەتی بەریتانیادا بەسەربرد، دەستبەکاربوونی پرۆژەی "پایسکلەکان لەپێناو تەندروستییەکی باشتردا"ی راگەیاند، ئاشکرایکرد دوو ملیار پاوەند بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخانکراوە.

پڕۆژەکە وەک حکومەت بەڵێنیداوە، بریتی دەبێت لە دروستکردنی هەزاران کیلۆمەتر رێگا بۆ پایسکل، ئەمەش لەپێناو هاندانی بەریتانییەکان بۆ جووڵەی زیاتر و تەندروستیی باشتر، لە پاش چەندین مانگ لە کەرەنتینە و مانەوەی بەزۆر لە ماڵەوە.

پڕۆژە نوێیەکەی سەرۆکوەزیران، هاوکاتە لەگەڵ پلانێکی دیکەدا کە چێشتخانە و خواردەمەنییەکان ناچار دەکات لە نێو مینۆکانیاندا و لەپاڵ ناو و نرخی هەر خواردنێکدا کە پێشتر نووسیوویانە، بڕی کالۆرییەکانی ناو هەر خۆراکێکیش بنووسن، ئەم هەنگاوە لەسەرەتاوە بە پلانێک بۆ کەمکردنەوەی قەڵەوی لە وڵاتەکەدا دادەنرێت.

داتا فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، سێ بەشی ئەوانەی لە تەمەنی پێگەیشتووییدان لە بەریتانیا، خاوەنی تەندروستی و کێشی سروشتی نین. هاوکات توێژینەوەکان دەڵێن، ڤایرۆسی کۆرۆنا، پەیوەندییەکی پتەوی بە کوشتنی کەسانی قەڵەوەوە هەیە.

نەتەوەیەکی تەندروستتر

جۆنسۆن لەبارەی پلانە پایسکلییەکەی حکومەتەکەیەوە دەڵێت: "لەپێناو بونیادنانی نەتەوەیەکی تەندروستتر و چالاکتر، پێویستیمان بەژێرخانی راست و مەشقکردن و پشتگیریکردنی خەڵک هەیە بۆ ئەوەی متمانەیان بە جوڵەکانیان هەبێت لە کاتی پایسکل لێخوڕیندا".

ئەو زیاتر دەڵێت:"لەبەرئەوە ئێستا کاتی گۆڕانکاری و هەنگاونانی گەورەترە کە هاوکات بوێرانەتر بێت، بۆ زیادکردنی گواستنەوەی چالاک، بەشێوەیەک کە هەمووان هەست بە سوودەکانی لێخوڕینی پایسکل بکەن".

جۆنسۆن پێشتر لەکاتی سەرۆکایەتی شارەوانیی لەندەندا لە 2008 تا 2016، پرۆگرامێکی بۆ لێخوڕینی پایسکل داهێنا. بەڵام چەند مانگی رابردووی داخستنی شارەکان و قەدەخەی هاتووچۆ، وایکرد پایسکلەکان بەبێنازی لە گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکاندا لەندەندا بمێننەوە، بەبێئەوەی کەس لێیان بپرسێتەوە، خەڵکی پایسکلەکانیان ناونا "پایسکلەکانی بۆریس".

هاندانی خەڵک بۆ پارەخەرجکردن

حکومەتی بەریتانیا هەوڵدەدات هانی خەڵک بدات بۆ هاتنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و کۆتاییهێنان بە خۆگۆشەگیرکردن، لەپێناو چالاککردنەوەی کارە بازرگانییەکاندا. بەڵام پێدەچێت ئەم ئەرکە قورس بێت، لە کاتێكدا حکومەت هێشتا بڕیاری نەداوە قوتابخانەکان بکاتەوە. راپرسییەکان ئاشکرایانکردووە بەریتانییەکان ترسیان لە بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی هەیە. ئەم ترسە بەجۆرێکە پاسەکان و شەمەندەفەرەکان بەیانیان و ئێواران، گەشتەکانیان بەنیوە بەتاڵی بکەن.

بەپێی پلانەکەی جۆنسۆن کە خۆی دووچاری کۆرۆنا بوو و پاشان چاکبووەوە. ئەو کار دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتووی دوورمەودادا، بەریتانییەکان زیاتر پەنا بۆ بەکارهێنانی پایسکل ببەن لە چوونیان بۆ سەر کارەکانیان.

جۆنسۆن بەڵێنیدا بە دروستکردنی "هەزاران کیلۆمەتر لە رێگەی تایبەت بە پایسکلەکان لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتدا". ئەمەش وەک بەشێک لە پرۆژەیەک کە بڕی 2 ملیار پاوەند (2،6 ملیار دۆلار)ی تێدەچێت. ئەمەش بۆ هەڵگیرساندنی "شۆڕشێک لەسەر بەکارهێنانی پایسکل و بەپێڕۆیشتن".

ئەو بەڵێنیدا هاوکات لەو پرۆژەیەدا سێرڤسی چاککردنەوەی پایسکلەکان بەبڕی 50 پاوەند بۆ هەر بەکاربەرێکی پایسکل بدات، تا هانی هاونیشتمانییەکانی بدات لەسەر بەکارهێنانی زیاتری پایسکل.

بەپێی پرۆژەکە کەسانی خانەنشین، نزیکەی یەک لە سێی تێچووی کڕینی هەر پایسکلێک وەک دیاری وەردەگرن، کە نزیکەی 600 پاوەند دەکات، لە کاتێکدا نرخی ئەو پایسکلانە 3 هەزار پاوەندە.

بۆ هەر نەخۆشێک، پایسکلێک

پزیشکەکان جۆری پایسکلەکان بۆ نەخۆشەکان دەستنیشاندەکەن، هەروەها مەشقی بەخۆڕایی پێشکەش بە هەموو بەریتانییەکان دەکرێت لەسەر فێربوونی لێخوڕینی پایسکل. رێگاکانی تایبەت بە پایسکلیش بەشێوەیەکی بەرچاو و فراوان دەکرێت.

رۆژنامەی تایمز ئاشکرایکردووە، حکومەت لەمەودوا هاوکاریی پزیشکەکان دەکات بۆ ئەوەی هەموو نەخۆشەکانیان هانبدەن بۆ بەکارهێنان و لێخوڕینی پایسکل.

حکومەت لە چوارچێوەی هەمان پلاندا، هەوڵی دروستکردنی شاری خاوێن دەدات، بۆ ئەوەش چەندین ناوچەی جیاوازی شارە گەورەکان دەستنیشاندەکات، کە دەکرێ بەتەنیا پایسکلیان تێدا بەکاربهێنرێت. رێکخراوە خێرخوازییەکان پێشوازییان لە پلانی پایسکلەکانی سەرۆک کردووە و پێیانوایە، بەشێوەیەکی ریشەیی ژێرخانی رۆیشتن و سواربوونی پایسکل لە بەریتانیادا گەشە پێدەدات.

قەدەخەکردنی رێکلام

باشترکردنی دۆخی تەندروستی حکومی لە بەریتانیادا، لە پلانەکەی سەرۆکوەزیراندا کاری زۆری لەسەرکراوە. سەرۆکوەزیران هانی هاونیشتمانییانی وڵاتەکەیدا، بایەخی زیاتر بەتوانای جەستەیی خۆیان بدەن، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بڕیارێکی دیکەی حکومەتدا کە رێکلامی تەلەڤزیۆنی و ئینتەرنێتی بۆ خواردنە خێراکان (فاست فود) بەر لە کاژێر 9ی ئێوارە قەدەخەکرد.

حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت رێژەی پەنابردنە بەر نەخۆشخانە گشتییەکان، بۆ چارەسەرکردن کەمبکاتەوە، کە ئێستا بەهۆی چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆناوە گوشاری زۆری لەسەرە.

ئەوەی بەپاڵنەرێکی گرنگی سەرکەوتنی پلانەکەی سەرۆکوەزیران دادەنرێت، شارەزایی و لێهاتوویی بۆریس جۆنسۆن خۆیەتی لە لێخوڕینی پایسکلدا، ئەو لە پلانی پایسکلەکانی لەندەندا کارامەیی گەورەی پێشاندا، دەگوترێ ئەمجارەش لە چوون بۆ سەر کار و بەکارهێنانی پایسکلدا، خۆی پێشەنگ دەبێت و ئەوەش متمانەی زیاتر دەداتە خەڵک بۆ پرۆژە نوێیەکە.













رووداو
Top