ئەمریکا 14 کەسایەتی و لایەنی سووری سزادەدات

ئەمریکا 14 کەسایەتی و لایەنی سووری سزادەدات
حکومەتی ئەمریکا 14 کەسایەتی و لایەن و کۆمپانیای سووری خستە لیستی سزاکانەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، گوشارەکان لەسەر دیمەشق بەردەوام دەبن تاوەکو لەسەر بنچینەی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان قەیرانی وڵات چارەسەر دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، سزاکانی ئەمڕۆ پێیان دەگوترێت سزاکانی حەما و مەعەڕەت نوعمان، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ بیرهێنانەوەی ئەو تاوانانەی حکومەتی سووریا لە هەفتەی کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵانی 2011 و 2019 لەو شوێنانە ئەنجامیدان. وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، 9 ساڵ پێش ئێستا سەربازانی سووریا "گەمارۆیەکی دڕندانەی شاری حەما"یان دا و ژمارەیەک خۆپێشاندەریان کوشت. ساڵێک پێش ئێستاش، حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی بازاڕێکی قەرەباڵخیان لە شاری مەعەڕەت نوعمان لە باکووری رۆژئاوای وڵات بۆردوومانکرد و 42 کەسی بێتاوانیان کوشت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، سوپای سووریا بووەتە سیمبولی دڕندەیی و سەرکوتکردن و گەندەڵی. ئەو سوپایە سەتان هەزاری هاووڵاتی مەدەنی کوشتووە و دەستگیرکردووە، خۆپێشاندەرانی ئاشتییانەی ئەشکەنجەداوە، قوتابخانە و نەخۆشخانە و بازاڕەکانی وێرانکردوون بێ گوێدانە ژیانی خەڵک.

لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، سزا بەسەر زوهێر تەوفیق ئەسەد، ژنبرای حافیز ئەسەد، کەڕام ئەسەد، کوڕە گەورەی زوهێر تەوفیق ئەسەد، حافیز ئەسەد، کوڕە گەورەی بەشار ئەسەد و یەکەی یەکی سوپای سووریادا دەسەپێندرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە شەڕە ناپێویست و دڕندانەکانی ئەسەد کۆتاییان بێت و ئامانجێکی سەرەکی ئەم سزایانەش هەر ئەوەیە. هەروەها، چارەسەری سیاسی لەسەر بنچینەی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تاکە رێگەی گونجاوە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەک کە شیاوی خەڵکی سووریا بێت. لە هەمانکاتدا، پێویستە ئەو کەسانە سزابدرێن لە سووریادا تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە.

لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "رژێمی ئەسەد و پاڵپشتیکارانی بژاردەیەکی سادەیان لەبەردەمدایە: هەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا، هەروەک چۆن بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش داوای دەکات یان سەپاندنی سزای وێرانکەر".

لە ساڵی 2011 شەڕی ناوخۆی سووریا دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون و زیاتر لە 11 ملیۆن کەسی دیکەش بوونەتە ئاوارە و کۆچبەر.













رووداو
Top