نرخی زێڕ تا دێت لە هەڵکشاندایە
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لەبازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە 1916.51 دۆلار
بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لەبازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە 1916.51 دۆلار، واتە بە رێژەی 1.39%ی بەهاکەی زیادیکردوە.
شکانی بەهای دۆلاری ئەمریکی وایکردوە وەبەرهێنەران پەنا بۆ کڕینی زێڕ ببەن بۆ پاراستنی سامانەکەیان
شکانی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی جیهان بۆ کەمترین ئاست کە لەماوەی دو ساڵی رابردودا تۆماریکردبێت، وایکردوە وەبەرهێنەران پەنا بۆ کڕینی زێڕ ببەن بۆ پاراستنی سامانەکەیان و وەک پەناگەیەکی ئارام سەیری بکەن.
هۆکارێکی دیکەی زیادبونی نرخی ئەو کانزا زەردە، بەهۆی ئەو هەڵئاوسانە ئابورییەوەیە کە لە ئێستادا لە بازاڕەکاندا سەریهەڵداوە، بەهای پشکەکان و سودە حکومییەکانی کەمترکردوەتەوە، ئەوەش وایکردوە خواستێکی زیاتر لەسەر زێڕ دروستبکات.
لەوبارەیەوە شارەزایانی ئابوری دەڵێن، "کاتێک باس لە بازاڕی زێڕ دەکەین راستەوخۆ ئەگەری هەڵئاوسانە ئابورییەکانمان بە بیردادێت، تا گەشەسەندنی بازاڕە ئابورییەکان کەمبکات و بەهای شمەکەکانی جیهان دابەزێت، خواستی وەبەرهێنەران بۆ زێڕ زیاتردەبێت".
خەندان
