لە ئەڵمانیا تووشبووی کۆرۆنا لەڕێگەی سەگی پۆلیسییەوە دەستنیشاندەکرێت

لە ئەڵمانیا تووشبووی کۆرۆنا لەڕێگەی سەگی پۆلیسییەوە دەستنیشاندەکرێت
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، رێگەی جیاوازی پزیشکی بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانە بەکارهاتوون کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون. لە نوێترین هەوڵیشدا ئەڵمانیا لەڕێگەی سەگی پۆلیسییەوە ئەو کارە دەکات.

توێژەرانی بەشی پزیشکیی ڤێتێرنەریی زانکۆی هانۆڤەری ئەڵمانیا ئاشکرایان کرد، ئەو سەگە پۆلیسیانەی راهێنانیان پێکراوە دەتوانن ئەو کەسانە جیابکەنەوە کە تووشبووی کۆرۆنان و نیشانەکانیان هەیە لەگەڵ کەسێکی ئاسایی.

بە گوتەی ئەو توێژەرانە، ئاستی دیاریکردنی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا لەلایەن ئەو سەگە راهێندراوانەوە، "زۆر بەرز و وردە".

لە توێژینەوەکەدا هەشت سەگی پۆلیسی بۆ ماوەی هەفتەیەک مەشقیان پێکراوە بۆ ئەوەی جیاوازی بکەن لەنێوان لیک و چڵمی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ئەوانەی کە تووش نەبوون.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، لەدوای مەشقەکانیان، ئەو سەگانە توانیویانە لە کۆی هەزار نموونە، بە رێژەی 94% ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا دەستنیشان بکەن.

تیمی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەش گەشبینن لەوەی ئەو سەگە پۆلیسیانە کە بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانن تەقینەوە و ماددەی هۆشبەر بدۆزنەوە، دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن لە دیاریکردنی تووشبووانی کۆرۆنا.

پرۆفیسۆر مارین ڤۆن، شارەزای لەبواری کیمیا دەڵێت، ئەو هەنگاوە کاردەکات لەبەر ئەوەی سەگەکان توانای ناسینەوەی ئەو رژێنانەیان هەیە کە لە جەستەی ئەو نەخۆشە دەردەچن. ئەنجامی توێژینەوەکەش، توێژەران پیشنیازیان کردووە لە چەند شوێنێکی دیاریکراو سەگی پۆلیسی بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووانی کۆرۆنا بەکاربهێندرێن.













رووداو
Top