شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەلژیکا زنگێكی مەترسیدار لێ دەدات

شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەلژیکا زنگێكی مەترسیدار لێ دەدات
دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بەلژیکا رایگەیاند، ئاستی مەترسی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتدا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار و لەسەر نەخشەی وڵاتانی ئەوروپا بەلژیکا رەنگی سوری وەرگرتووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بەلژیكا بە سەرۆکایەتی سۆفی ولیامس، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی تایبەت بە بارودۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدا و بڕیاردرا چەند رێوشوێنێکی توند بگیرێنە بەر .

بەگوێرەی رێكارە نوییەكان لە سبەیەوە بەستنی ماسك لە ھەموو شوێنەکانی ئەو وڵاتە دەبێتە ناچاری و ھەرکەسێك سەرپێچی بکات، بە بڕی 250 یۆرۆ سزا دەدرێت، ھەروەھا چالاکی و کۆبوونەوە گەورەکان سنوردار دەکرێنەوە و کۆبوونەوەی خێزان و دۆستانیش نابێت لە 5 کەس زیاتر بێت .

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری بەرەنگاربوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی بەلژیکا، زیاتر لە66 ھەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و 9 ھەزار و 820 کەس گیانیان لەدەستداوە. تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا 300 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمارکراون.

وڵاتانی ئەوروپا لەسەر نەخشە و لەرێگەی رەنگەكانەوە پلەبەندی بۆ ئاستی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ كراوە.

رەنگی سەوز = واتە ھیچ تووشبوویەكی نییە.

رەنگی زەرد = لەسەد ھەزار کەسێك زیاتر لە 20 تووشبوو لەو وڵاتەدا ھەیە.

رەنگی پرتەقاڵی = لەسەد ھەزار کەسێك زیاتر لە 60 تووشبوو لەو وڵاتدا ھەیە.

رەنگی سور = لەسەد ھەزار کەسێك زیاتر لە 120 تووشبوو لەو وڵاتدا ھەیە.













K24
Top