گووگڵ تاوەکو هاوینی داهاتوو کارمەندەکانی لە ماڵەوە دەهێڵێتەوە
سەندەر پیچای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گووگڵ بە ئیمەیڵێک کارمەندەکانی ئاگادارکردووەتەوە و هۆکارەکەی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "توانا بە کارمەندەکانیان بدات تاوەکو پلانەکانیان بۆ داهاتوو دابنەن".
ئەو بڕیارەی گووگڵ، نووسینگەکانی لە هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە و بۆ کارمەندی ئەو بەشانە دەبێت کە رۆڵەکانیان دەتوانرێت لە ماڵیشەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەببرێت.
ئێستا ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانکراوی کۆرۆنا بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر لە سەرانسەری جیهان 16 ملیۆن و 482 هەزار و 747 کەسن، کە 653 هەزار و 325 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 10 ملیۆن و 93 هەزار و 403 کەسیان چاکبوونەتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ پێش ئیمەیڵەکەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گووگڵ ئاماژەی بەوە کردبوو، نزیکەی 200 هەزار کارمەندی گووگڵ لە ماڵەوە لە کارەکانیان بەردەوام دەبن. بڕیارەکەی گووگڵ ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامبوونی مەترسییەکانی کۆرۆنا، هاوکات پەیامێکیشە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا تاوەکو کارەکانیان بکەن بە ئۆنلاین.
کۆمپانیای گووگڵ پێشتر رایگەیاندبوو، پلانیان هەیە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەست بکەن بە کردنەوەی نووسینگەکانیان، بەڵام "بەشێکی زۆری کارمەندەکانیان وایان پێباشە لە ماڵەوە بەردەوام بن لە کارکردن".
ئەمە لەکاتێکدایە چەند گەورە کۆمپانیایەکی دیکەی تەکنەلۆژی، لەنێویاندا تویتەر، رایانگەیاندووە، هەنگاو بە هەنگاو دەستدەکەن بە کردنەوەی ئۆفیسەکانیان.
رووداو
