ئیتاڵیا هەزار یۆرۆ وەکو سزا بۆ نەپۆشینی ماسک دیاریدەکات
میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، پۆلیسی ئیتاڵیا وەکو یەکەم هەڵمەتی چاودێریکردنی وابەستەبوون بە رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رۆمای پایتەختی وڵاتەکە سێ شوێنیان داخستووە و سزای 1000 یۆرۆشیان بەسەر هەریەکە لە کارمەندانی ئەو شوێنەدا سەپاندووە کە لەکاتی کارکردندا ماسکیان نەپۆشیوە.
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا لە رۆژی هەینیی رابردووەوە راگەیێندراوە و رۆژی یەکشەممەش چاودێرییەکانی پۆلیس بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی خەڵکی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە.
حکومەتی ئیتاڵیا دەڵێت، خەڵک پێیانوایە کێشەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی پێهاتووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە و ئەگەر بەو جۆرە بیربکەنەوە ئەوا لە چەند هەفتەی داهاتوودا دووبارە دەگەینەوە لێواری مەترسی، هەربۆیە دانانی سزا لەسەر پابەندنەبوونی بە خۆپارێزی رێگەیەکی باشە بۆ رێگرتن لە مەترسییەکانی کۆرۆنا.
پۆشینی ناچاریی ماسک لە ئیتاڵیا شوێنە گشتییەکان، سۆپەرمارکێت، باڕ، رێستۆرانت، دووکانی ئاسایی و گواستنەوەی گشتی دەگرێتەوە.
پۆلیسی ئەو وڵاتە باسی لەوە کردووە کە ئەگەر کارمەندانی سوپەرمارکێتێک یان رێستۆرانتێک دەمامک نەپۆشن، جگە لە سزای 1000 یۆرۆ بۆ ئەو کارمەندانە، شوێنەکەش رووبەڕووی داخستن دەبێتەوە کە لە پێنج رۆژەوە دەستپێدەکات تاوەکو 30 رۆژ.
رووداو
ئیتاڵیا یەکەمین وڵاتی ئەوروپی بووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیدا تەشەنەی کردووە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 35 هەزار کەس تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە و 242 هەزار تووشبووش دەستنیشانکراون.
