کلیچدارئۆغلۆ بۆ شەشەم جار وەک سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە
دوێنێ شەممە ٢٥/٧/٢٠٢٠، جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، چووە ناو ٣٧ەمین كۆنگرەیەوە، وەكوو ئەوەی باسیش دەكرێت ئەو پارتە بوێرانە لە سەردەمی كۆرۆنادا چووەتە ناو كۆنگرە و هەموو رێنماییە تەندروستییەكانیشی جێبەجێ كردووە.
رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، كلیچدارئۆغلۆ بۆیە شانسی بوونەوەی بە سەرۆكی جەهەپە هەبووە، چونكە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١_٣_٢٠١٩ توانی سەركەوتنێكی باش بەدەست بهێنێت و شارەوانیی ئەنقەرە و ئیستانبۆڵی بردەوە، ئەمەش وای كرد بە هێزەوە بچێتە ناو كۆنگرەوە.
لە لایەكی ترەوە، بەردەوام رەخنە لە جەهەپە دەگیرا كە وەك پێویست باسی لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا نەکردووە، بەڵام لەم گۆنگرەیەدا، كلیچدارئۆغلۆ بە ئاشكرا باسی لە چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەی كورد كرد.
كلیچدارئۆغلۆ ئاماژەی دا، ئەوان وەكوو جەهەپە پڕۆژەیان هەیە كێشەی كورد چارەسەر بكەن، بەڵام لە پەرلەمان ئەو پرسە یەكلایی دەكەنەوە و لەوێ یاسای بۆ دەردەكەن تا كێشەكە لە بنەڕەتەوە بەرەو چارەسەركردن بڕوات.
جەهەپە هیچ كاتێك نەیوێراوە باس لەوە بكات لەگەڵ هەدەپەدا دەچێتە ناو هاوپەیمانییەوە و هاوپەیمانیی ئەو دوو پارتە لە هەڵبژاردنەكاندا بەردەوام بە نهێنی بووە، بەڵام كلیچدارئۆغلۆ بۆ یەكەمجار بە ئاشكرا باسی لە هاوپەیمانیی نێوان جەهەپە و هەدەپە كرد.
ئەو گوتی: "بنكەی جەماوەریی جەهەپە ئامادە دەكەین تا بتوانین بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ لەگەڵ هەدەپەدا بچینە ناو هاوپەیمانییەوە، ئەگەر پێویست بكات ئێمە ئەو هەنگاوە دەنێین".
هاوپەیمانی (میللەت) لە نێوان (جەهەپە و پارتی باش) توانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١_٣_٢٠١٩ سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەگەر پاڵپشتیی هەدەپە نەبوایە، ئەو سەركەوتنە مسۆگەر نەدەبوو.
پارتی باش بەردەوام هۆشداریی داوەتە جەهەپە، بەوەی ئەگەر هەدەپە ببێتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە ئەوان لەو هاوپەیمانییەدا دەكشێنەوە، چونكە هەدەپەیان پێ باڵێكی سیاسیی پەكەكەیە و دەڵێن تیرۆریستن.
بۆیە ئەگەر زۆرە جەهەپە تا ٢٠٢٣ بتوانێت بڕوا بە پارتی باش بهێنێت كە هەدەپەش بخەنە ناو هاوپەیمانییەتەكەیانەوە، تا بتوانن دەنگی كوردانی باكووری كوردستان بۆ هاوپەیمانی (میللەت) مسۆگەر بكەن.
باسنیوز
