سەرۆکی بەرازیل لە کۆرۆنا چاکبووەوە

سەرۆکی بەرازیل لە کۆرۆنا چاکبووەوە
سەرۆکی بەرازیل دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە خۆکەرەنتینکردن لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەرازیلیا، دەڵێت دوایین پشکنینی کۆرۆنای کردووە و دەرکەوتووە نەرێنییە.

جایر بۆڵسۆنارۆ، ئەو سەرکردەیەی ئایدۆلۆژیای لە سەرۆکی ئەمریکا نزیکە، 7ی تەمووزی ئەمساڵ تووشبوونی خۆی بە کۆرۆنا راگەیاند، پێش ئەوەی لە نەخۆشییەکە چاکببێتەوە سێ پشکنینی کۆرۆنای کرد و هەر سێ جارەکە دەرکەوت ڤایرۆسەکە لە جەستەیدا چالاکە.


لەکاتی کەرەنتینیدا بۆڵسۆنارۆ لە باخچەی نووسینگەکەی حەبی هایدرۆکسیکلۆرۆکوینی بەرزدەکردەوە، دەیگوت ئەو حەبە دەخۆم و کاریگەریشی هەیە.

هایدرۆکسیکلۆرۆکوین حەبێکی دژە مەلاریایە، لەدوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە ئەمریکا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ چارەسەری کۆرۆنا دەستی بە تاقیکردنەوەی ئەو حەبە کرد، بەڵام دەرکەوت زیانە لاوەکییەکانی لە سوودەکانی زیاترن، بۆیە رێکخراوەکە وەستاندی.

بۆڵسۆنارۆ تەمەنی 65 ساڵە، لەوە ناچێت هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبێت، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ولاتەکەیدا زیاتر لە 2.3 ملیۆن کەسی تووشکردووە، زیاتر لە 85 هەزار کەسیشی کوشتووە.













رووداو
Top