تورکیا و یۆنان لێدوانی تووند دژ بە یەک دەدەن
ئەردۆغان دوێنێ هەینی لە ئایا سۆفیا گووتی، ئەوانەی دژی گۆڕینی ئایا سۆفیان بۆ مزگەوت، دژی موسوڵمانان و تورکیان.
دوای ئەوە یۆنان ناڕەزایی دەربڕی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، جارێکی دیکە یۆنان دژایەتی خۆی بۆ ئیسلام و تورکیا دەربڕی ئەمەش تەنها بەهۆی ئەنجامدانی نوێژە لە ئایا سۆفیا.
هەروەها بە تووندی ئیدانەی لێدوانەکان لە ئاستی حکومەت و پەرلەمانی یۆنان و سوتانی ئاڵای تورکیا لە شاری سالۆنیک کرد.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەدەی 21، دووچاری سەرسوڕمان بوون بەوجۆرە هاندانە زۆرە ئایانی و نەتەوەییەی ئێستا لە تورکیا هەیە.
هەروەها، کریاکۆس میتسۆتاکیس، تورکیا بە دروستکەری کێشەکان ناوبرد.
تورکیا و یۆنان پێشتریش لەسەر سنووری ئاسمانی و دەریایی لە قوبرس کێشەیان هەبووە و ناکۆکییەکانیان دێرینە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت کە پێشتر کلێسای ئۆرسەدۆکسەکان بوون، یۆنان بەیانی هەینی، لە تەواوی کلێسکان، زەنگی خەمناکی لێدا.
K24
