سەردانی بیرمەندێکی فەرەنسی بۆ لیبیا حکومەتی ویفاق تووڕە دەکات

سەردانی بیرمەندێکی فەرەنسی بۆ لیبیا حکومەتی ویفاق تووڕە دەکات
رۆژی شەممە 2020/07/25 بێرنارد هێنری لیڤی، بیرمەندی ناوداری فەرەنسی ناسراو بە "Godfather"ی بەهاری عەرەبی گەیشتە میزڕاتەی ژێر دەستی حکومەتی ویفاقی لیبی، بەڵام لیبییەکان بە کەسێکی شوومیان زانیوە و پێیانوابووە نەهامەتیی زیاتر بۆ لبییا لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بۆیە سەرجەم سەرکردەکانی حکومەتی ویفاقی لیبی رەتیانکردووەتەوە لەگەڵی کۆببنەوە.

بێرنارد هێنری لیڤی کەسی نزیک لە نیکۆلاس سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسایە، بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە قسەی دژ بە ئیسلام کردووە و لە 2011شدا لێدوانەکانی ئاگری بەهاری عەرەبییان خۆشترکردوون.

هێنری بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە میزڕاتە، ئەو شارە کەناراوییەی باکووری لیبیا کە حکومەتی ویفاقی لیبی توند دەستی پێوە گرتووە و بە بەندەرێکی ستراتیژیی هەنارد و هاوردەکاریی بازرگانی دەناسرێت.

لیبییەکان لەوە تووڕەن کە بێرنارد هێنری بەم قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بەبێ هەبوونی مۆڵەتی نیشتنەوە و بەبێ ڤیزا رێگەی پێدراوە لە میزڕاتە بنیشێتەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی حکومەتی ویفاقی لیبی دەڵێت، ئەوەی لە نیشتنەوەی بێرنارد هێنری لیڤی بەرپرسە سزادەدرێت.

هێنری کاژێر 09:00ی بەیانیی رۆژی شەممە لە فڕۆکەخانەی میزڕاتە نیشتووەتەوە و راستەوخۆ چووەتە هۆتێلی مەسا کە جاران لێی ماوەتەوە.

بەرنامەی هێنری وابووە لەگەڵ سلێمان فیقهی، سەرۆکی پەرلەمان، ئەبو قاسم قەزیت، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی لیبیا، پەرلەمانتاران رەعد و موستەفا کەڕاود کۆببێتەوە.

بێرنارد هێنری لە 2011وە لەلایەن ئیدارەی میزڕاتەوە وڵاتینامەی لیبیی پێدراوە.

ئەو فەیلەسوفە بەر لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چەند جارێک لە هەولێر دابەزیوە، بەردەوام سەرکردەکانی هانداوە کە گشتپرسییەکەیان بەبێ ئاستەنگی تێدەپەڕێت و سەریش دەگرێت.













رووداو
Top