گرژییەكانی نێوان واشنتن و پەکین زیان بە بازاڕی وزە دەگەیەنێت

گرژییەكانی نێوان واشنتن و پەکین زیان بە بازاڕی وزە دەگەیەنێت
بە پاڵپشتی بڵاوبوونەوەی هەندێک داتای ئەرێنی نرخی نەوت لە کۆتا رۆژی مامەڵەکانی هەفتەدا بەرزبووەوە، بەڵام هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین دەستکەوتەکانی سنووردار کرد.

نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 43 دۆلار و 34 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، و نرخی گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی سووکی تێکساسیش بۆ 41.29 بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

لە تێکڕای هەفتەی رابردووشدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.5% و نەوتی سووکی تێکساس بە رێژەی 1.7% بەرزبوونەوەیان تۆمارکرد.

بە گوێرەی داتاکان، چالاکی کاری ئەمەریکا لە مانگی تەمووزدا بۆ بەرزترین ئاستی شەش مانگی رابردووی بەرزبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، خواست بۆ بەرهەمی کارگەکانی ئەمەریکا کەمبووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بڕیاری چین بە داخستنی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری چێنگدۆ وەک وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بە داخستنی کۆنسوڵخانەکەی لە هیوستن، گوشاری بۆ خستەسەر بازاڕی نەوت ودەستکەوتەکانی سنووردارکرد.

ئەمریکا و چین دوو زلهێزترین بەکاربەری نەوتن لە جیهاندا، هەر گرژییەک لە نێوانیان رووبدات، زیان بە خواستی جیهانی بۆ نەوت دەگەیەنێت.








K24
Top