بەهۆی کۆرۆنا زۆربەی پرۆژە بازرگانییە بچووکەکانی ئەمریکا وەستاون
زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا- کۆڤید 19، جارێكی دیكه دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکای ناچارکرد كۆنگره‌ی رۆژنامه‌ڤانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌و به‌ڵێنی پاكێجێكی نوێی ئابووری بۆ رزگاركردنی ئابووری ئه‌مریكا له داته‌پینی ته‌واوه‌تی بدات.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا جارێکی دیکە کۆرۆنای بە ڤایرۆسی چینی ناوبرد و باسی هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی کرد و گوتی "ده‌مه‌وێت دوا زانیاریتان له‌سه‌ر وه‌ڵامی ئێمه بۆ ڤایرۆسه چینییه‌كه پێبده‌م، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه قسه بكه‌م كه ئیداره‌كه‌ی من بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه له ولایه‌ته‌كانی باشوور ده‌یدات، ڤایرۆسه‌كه زیاتر له ولایه‌ته‌كانی باشووره، به‌ڵام ده‌كرێت به شوێنی دیكه‌شدا بڵاوبێته‌وه".
لەبارەی پاڵپشتی ئیدارەکەی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات، ترەمپ دەڵێت "تیمه‌كه‌ی من شه‌و و رۆژیان خستووەته سه‌ریه‌ك و له‌گه‌ڵ كۆنگرێس كار له‌سه‌ر پاكێجێكی دیكه‌ی ئابووری ده‌كه‌ن، زۆر به‌جیدی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و پێشڤه‌چوونی باشمان به‌ده‌ستهێناوه. ده‌زانم كه هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێت پاكێجه‌كه تێپه‌ڕێنن. ناوی ئه‌م پاكێجه ده‌نێین پاكێجی قۆناخی چواره‌م، پێموایه تێیده‌په‌ڕێنین. پارێزگاریی له كرێكار و خوێندنگه و خێزانه‌كانمان ده‌كه‌ین. زۆر به‌هێزه‌وه پارێزگاری‌یان لێده‌كه‌ین".
دوای مشتومڕێكی سیاسیی زۆر، له‌سه‌ر پاكێجه ئابوورییه‌كه كۆماری و دیموكرات و كۆشكی سپی دواجار گه‌یشتنه رێككه‌وتنێك، به‌ڵام ئابووریناسانی ئه‌مریكا هۆشداری له دۆخی بازرگانییە بچووكه‌كانی وڵاته‌كه‌یان ده‌ده‌ن.
تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی له ئه‌مریكا تۆماركردووه. له‌گه‌ڵ دووباره زیادبوونه‌وه‌ی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژماره‌یه‌ك له بازرگانییە بچووکەکان جارێكی دیكه داده‌خرێنەوە. ئه‌مجاره ره‌نگه بۆ هه‌میشه بازرگانییەکەیان دابخه‌ن. به‌پێی راپۆرتێكی شیكاری له ویلایه‌تی نیویۆرك كه نزیكه‌ی 230 هه‌زار بازرگانیی بچووکی تێدان، سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌و بازرگانییانە ره‌نگه بۆ هه‌میشه دابخرێن.
بانوو هۆشیار، کچە بازرگانێکی کوردە لە بازاڕی ئەلئەمانەی ڤێرجینیا کاردەکات و ئێستا ترسی له‌ده‌ستدانی بازرگانییەکەی لێنیشتووە. وەک خۆی دەڵێ کۆرۆنا كاریگه‌ریی زۆری لەسەر بازرگانییە بچووکەکان داناوە. دەڵێت "ته‌نانه‌ت كڕیاره‌كانمان ئه‌وانه‌ی كه دێن كڕیاری تایبه‌تین، چونكه ئه‌و كڕیارانه‌ن كه ده‌گه‌ڕێن بۆ شتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێك نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌گه‌ر یارمه‌تیدانی حكومه‌ت به‌رده‌وام نه‌بێت پێدەچێت کارەکەمان لەدەستبدەین".
راپۆرتێكی شیكاری نوێ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له ناوچوونی بازرگانییە بچووکەکان له‌سه‌ر چێشتخانه و میوانخانه‌كانن.
سامی ساڵه‌یی، خاوه‌نی خواردنگەیە لە ڤێرجینیا گوتی ، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر میوانخانەو چێشتخانەکانە، "بڕیاردرا چێشتخانه‌كان دانه‌خرێن، به‌ڵام خه‌ڵك بێت خواردنه‌كه‌ی هه‌ڵگرێ و بیبات یاخود دیلیڤه‌ری بۆ بكرێت، ئێستاش کە كڕیاره‌كانمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه زۆر دەترسن، بەڵام دەبێت هەموو شتێک پاک بێت، به‌ڵێ زۆربه‌ی كڕیاره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه هێشتا خۆمان نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه سه‌ر له‌سه‌دا 60ی ئه‌وه‌ی كه له مانگی دوازده و یه‌ك و دوو كردوومانه".
دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبوون له مانگەکانی ئایار و حوزەیران، ژماره‌یه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكا رێگه‌یان به كردنه‌وه‌ی بزنس و بازاڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار دا، هیوایه‌كیان لای بازرگانییە بچووكه‌كانی ئه‌مریكا دروستكردەوە. به‌ڵام له ده رۆژی رابردوودا، رۆژانه نزیكه‌ی 60 هه‌زار كه‌س له ئه‌مریكا تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەوەش وایکرد دووبارە لە بەشێکی ویلایه‌ته‌كان رێوشوێنی قه‌ده‌خه‌كردنی هاتووچۆ تووندبكه‌نه‌وه.
رووداو
