کورتهێنانی بودجەی ئوسترالیا لە ساڵی 2021 دەگاتە نزیکەی 185 ملیار دۆلاری ئوسترالی
جۆش فرایدینبێرگ، وەزیری گەنجینەی ئوسترالیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەممووز لە گوتارێکیدا لە شاری کانبێرا رایگەیاند، حکومەتەکەی بەردەوامە لە ساڕێژکردنی کاریگەرییە ئابوورییەکان کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دووچاری هاتووە و داواشی لە هاووڵاتییانی کرد بەهێزبن لە بەرامبەر قەیرانی کۆرۆنا.
وەزیری گەنجینەی ئوسترالیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لەنێویاندا قەدەخەی هاتووچۆ و راگرتنی چالاکییە ئابوورییەکان، کورتهێنانی بودجەی ئوسترالیا لەمساڵدا پێشبینیدەکرێت بگاتە نزیکەی 86 ملیار دۆلاری ئوسترالی، هاوکات دەشڵێت، ئامارەکان دەریدەخەن کە کورتهێنانەکە لە ساڵی 2021 بەرزدەبێتەوە بۆ 184.5 ملیار دۆلاری ئوسترالی.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی قەرەزکان، فرایدینبێرگ رایگەیاند، پەتای کۆرۆنا قەرزەکانی سەر حکومەتەکەی زۆر زیادکردووە بەشێوەیەک لە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆی قەرزەکان گەیشتووەتە 684.3 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 34.4%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئوسترالیا؛ پێشبینیش دەکرێت تاوەکو 30ی حوزەیرانی ساڵی 2021 کۆی قەرزەکان بگاتە 851.9 ملیار دۆلار کە یەکسانە بە 45%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکەی.
وەزیری گەنجینەی ئوسرالیا لە گوتارەکەیدا باسی لەوەش کردووە، ئوسترالیا و هەموو جیهان رووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورەی ئابووری بوونەتەوە کە هاوشێوەی پاشەکشە مێژووییەکەی ساڵانی 1930یە، هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئابووریی ئوسترالیا بەهۆی ئەو زیانانەی بەریکەوتووە، ئێستا لەبەردەم چەندین ئاڵنگاریدایە و ئەوان رووبەڕوویان بوونەتەوە، دەشڵێت، دەبینن کە شاخێک لەبەردەم وڵاتەکەیاندایە، بەڵام بەسەریدا سەردەکەون و بە بەهێزی دەمێننەوە.
لەبارەی پاکێجی هاندانی ئابووری کە بەشێک لەو وڵاتانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتووە رایانگەیاندووە و لەڕێگەیەوە هاوکاریی دارایی پێشکێش بە کۆمپانیا و بازرگانییەکان دەکەن، جۆش فرایدینبێرگ رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا قەبارەی هاندانە ئابوورییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 11 ترلیۆن دۆلار، حکومەتی مۆریسۆنیش لە ئوسترالیا 289 ملیار دۆلاری وەکو هاندان بۆ پشتگیری لە ئابووریی وڵاتەکەی و بازرگانی راگەیاندووە.
رووداو
