ماکرۆن: هەڵەیە ئاسایشی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ تورکیا بەجێ بهێڵین
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-7-2020، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کاتی پێشوازیکردنی لە نیکۆس ئەناستاسیادسی سەرۆکی قوبرس، رایگەیاندووە، پرسەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست پەیوەندیی زۆری بە هەردوو وڵاتی قوبرس و فەرەنساوە هەیە.
ئیمانوێڵ ماکرۆن رێگادان بە تورکیای بۆ کارکردن لەو ناوچە ئاوییانەدا بە هەڵە ناو بردووە و رایگەیاندووە، ”هەڵەیە ئاسایشی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ لایەنی دیکە بەجێ بهێڵین“ و فەرەنسا رێگە بەوە نادات.
بۆ گفتوگۆکردن و وەڵامدانەوەی تورکیا، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە وڵاتانی ئەوروپییسەر دەریای ناوەڕاست (یۆرۆمێد7) کردووە لە سەرەتای مانگی داهاتوو کۆ ببنەوە.
یۆرۆمێد7 لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیسپانیا، پورتوگال، ئیتاڵیا، یۆنان، ماڵتا و قوبرس پێکهاتووە.
باسنيوز
