تورکیا: دودڵنین لە گرتنەبەری رێکاری پێویست لە لیبیا

 تورکیا: دودڵنین لە گرتنەبەری رێکاری پێویست لە لیبیا
حکومەتی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆپاڵپشتیکردنی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی و بەرەنگاربونەوەی هێزەکانی حەفتەر دودڵنابێت.

ئەنقەرە بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی


لە پاش کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان، حکومەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، "ئەنقەرە بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی، دودڵیش نابێت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربونەوەی هێزەکانی سوپای نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر".
مەبەست لە راگەیاندنی ئاگربەستی قاهیرە دروستکردنی ئاڵۆزی نوێ بوە لە لیبیا

هەر لەو بەیاننامەیەدا هاتوە، "لە کۆبونەوەکەدا ئەو دەستپێشخەرییەی میسڕ کە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەو وڵاتە رایگەیاند شکستخواردوبوە، مەبەست لەو هەنگاوە دروستکردنی ئاڵۆزی نوێ بوە لە وڵاتەکە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی".

حکومەتی تورکیا ئەوەشیخستەڕو، وڵاتەکەی سورە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی کە لەگەڵ حکومەتی ویفاقدا واژۆی کردوە، بەردەوامدەبێت لە دەرهێنانی سامانە سروشتییەکانی ئەو ناوچەیە.

دوێنێ چوارشەممە ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، پاشەکشەی سوپای نیشتیمانی لیبیا لەسیرت و ئەلجەفرە پێویست بو بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، هۆشداریشی دایە میسر کە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی سەربازی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە.






خەندان
Top