ترەمپ: داخستنی کونسوڵخانەی دیکەی چین لە ئەمریکا بە دورنابینم
لەپاش دەرکردنی فەرمانی داخستنی کونسوڵخانەی هیوستن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، داخستنی کونسوڵخانەی دیکەی چین لە ئەمریکا بە دورنابینێت.
ترەمپ داخستنی کونسوڵخانەی دیکەی چین بە دور نابیننێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە داهاتودا بڕیاری داخستنی کونسوڵخانەکانی دیکەی چین دەدەن لە وڵاتەکە رایگەیاند، "ئەو کارە بە دور نابینم".
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ترەمپ، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیبو بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ چین بەمەبەستی پەرەپێدانی ڤاکسین و چارەسەری دژە کۆرۆنا.
دوێنێ چوارشەممە مۆرگان ئۆرتگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، واشنتن داوای لە چین کردوە، کە لە ماوەی سێ رۆژدا کونسوڵخانەی خۆی لە ویلایەتی هیوستن دابخات.
لەلایەن خۆشییەوە، وانگ وین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "داخستنی کونسوڵخانەی چین لە هیوستن یەکێکی دیکەیە لەو دژایەتییانەی واشنتن، کە بەم دواییانە لە دژی وڵاتەکە گرتویەتییە بەر".
چین لە لێکۆڵینەوەشدایە بۆ داخستنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری وهان
هاوکات، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی چین کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرابکات، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز-ی راگەیاند، "چین ئیدانەی داخستنی کونسوڵخانەکەی دەکات لە هیوستن لەلایەن ئەمریکاوە، لە لێکۆڵینەوەشدایە بۆ داخستنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری وهان".
خەندان -
