وەزارەتی ناوخۆی تورکیا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە 116 گەریلای پەکەکە خۆیان رادەستکردووەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە 116 گەریلای پەکەکە خۆیان رادەستکردووەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2020 بە دوو قۆناخ شەش گەریلای پەکەکە خۆیان رادەستی هێزەکانی جەندرمە کردووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە چوارچێوەی هەوڵی قایلکردن بۆ خۆڕادەستکردنەوەی گەریلاکان لەڕێگەی کەسوکارەکانیانەوە، بەیانیی ئەمڕۆ دوو گەریلا لە شارۆچکەی سلۆپی خۆیان رادەستی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە شرناخ کردەوە؛ ئێوارەی هەمان رۆژیش چوار گەریلای دیکە خۆیان رادەستکردووەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەوەشی راگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە کۆی ئەو گەریلایانەی پەکەکە، کە لەڕێگەی قایلکردنەوە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کردووە، گەیشتووەتە 116 کەس.

لە راگەیێندراوەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە، هەوڵ و کارەکان بەردەوامن بۆئەوەی هاندانی زیاتر بکرێت بۆ قایلکردنی زیاتری ئەو گەریلایانەی کە مەبەستیانە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکەنەوە.














رووداو
Top