ئەڵمانیا رەگەزنامە لە نزیكەی یەك ملیۆن هاووڵاتی بە رەچەڵەك تورك وەردەگرێتەوە

ئەڵمانیا رەگەزنامە لە نزیكەی یەك ملیۆن هاووڵاتی بە رەچەڵەك تورك وەردەگرێتەوە
ئەڵمانیا ئامادەكاری بۆ سەندنەوەی رەگەزنامەی وڵاتەكەی لە نزیكەی یەك ملیۆن هاووڵاتیی بە رەگەز تورك دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو توركانە دووبارە رەگەزنامە توركییەكەیان بە نهێنی و بەبێ پرسكردن بە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیداری ئەڵمانیا بەدەست هێناوەتەوە و رەگەزنامەی ئەڵمانیشیان هەر لەلایان ماوەتەوە.

لە راپۆرتێكدا سایتی ئەلیكترۆنی رۆژنامەی حوڕییەتی توركی بە زمانی ئەڵمانی بڵاویكردەوە، جەخت كراوەتەوە، "ئەو هاووڵاتیە توركانەی هەڕەشەی سەندنەوەی رەگەزنامەی ئەڵمانییان لەسەرە، بە دووبارە بەدەستهێنانەوەی رەگەزنامەی توركی بە نهێنی و بەبێ پرسكردن بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا تۆمەتبارن، كە پێشتر بەهۆی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی ئەڵمانی لە ساڵی 2000 دەستبەرداری رەگەزنامە توركییەكەیان ببوون".

بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی پێگەی ئەلیكترۆنی حوڕییەت، "ژمارەی ئەو توركانە نزیكەی یەك ملیۆن كەسە و بە دووبارە بەدەستهێنانەوەی رەگەزنامەی توركی بە نهێنی، یاسای كۆچ و كۆچبەرانی ئەڵمانیایان پێشێل كردووە".

راپۆرتەكە ئاشكراشی كردووە، "نووسینگەكانی كاروباری هاووڵاتیان لە ناوچەی باكووری راین – وێستفالیان چەند نامەیەكیان بۆ ئەو هاووڵاتییە توركانە ناردووە و پێیان راگەیاندووە، كە رەگەزنامە ئەڵمانییەكەیان لێ دەسەندرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش داوە، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە توركیا لە رێگەی ئامارەكانیانەوە زانیارییان لەبارەی هەڵگرانی دوو رەگەزنامەی نایاسایی بەدەستهێناوە، لەلایەكی دیكەشەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند هەواڵێك بڵاوكراونەتەوە و باس لەوە دەكەن، كە بەرلین توانیویەتی ئەو زانیاریانە لە رێگەی لیستەكانی هەڵبژاردن لەبارەی راپرسییەكەی ساڵی 2017 ی توركیا لەسەر ئەو هاووڵاتییە بە رەگەز توركانە بەدەست بهێنێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی ساڵی 2019، لەكۆی 15 ملیۆن پەنابەری بە رەگەز تورك زیاتر لە 3 ملیۆن كەسیان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژین، ئەمەش وای كردووە، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا توركەكان گەورەترین كۆمەڵەی پەنابەران لە دەرەوەی وڵاتەكەیان پێك بهێنن، كە دەكاتە رێژەی 27%ی كۆی دانیشتوانی توركیا، لەو رێژەیەش لە 5% ـیان لە ماوەی نێوان 10 بۆ 30 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین.














K24
Top