کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر داوای 5 ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات

کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر داوای 5 ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات
کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر داوادەکات سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر بە بڕی ٥ ملیار دۆلار قەرەبووی بکەنەوە، ئەوەش لە بەرامبەر داخستنی سنوورە ئاسمانییەکانیان بەرووی فڕۆکەکانی کۆمپانیاکەدا.

داخستنی ئاسمانەکانی ئەو چوار وڵاتە بەرووی ئەو کۆمپانیایەدا بەشێکە لەو رێکارانەی ئەو وڵاتانە لە حوزەیرانی ٢٠١٧ـەوە دژی قەتەر گرتوویانەتەبەر، بە تۆمەتی ئەوەی دەوحە پشگیری لە گرووپە ئیسلامییە پەڕگیرەکان دەکات و پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ ئێران هەیە. قەتەر ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، "مەبەست لەم هەنگاوەمان داواکردنی قەرەبووە لەو وڵاتانەی گەمارۆیان سەپاندووە، ئەوەش لە بەرامبەر رێگەنەدان بە فڕۆکەکانی کۆمپانیاکەمان لە فڕین بەسەر سنوورە ئاسمانییەکانیاندا." بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، قەرەبووەکە بە لایەنی کەمەوە ٥ ملیار دۆلار دەبێت.

کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر وای دەبینێت، ئامانج لە رێکارەکانی ئەو وڵاتانە راوەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیاکە و لەنێوبردنی وەبەرهێنانەکانییەتی.

هەفتەی رابردوو دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای رایگەیاند، قەتەر دەتوانێت لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی قەدەخەی فڕین بکات کە لە لایەن ئەو چوار وڵاتەوە بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپێنراوە.

هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات دەڵێن، ئەوان رێز لە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی دەگرن، بەڵام پێیانوایە بڕیارەکە بابەتیانە نییە.

ئیمارات دەڵێت، دۆسیەکە دەباتە رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی بۆ بەرگریکردن لە مافی داخستنی سنوورە ئاسمانییەکانی بەڕووی کۆمپانیا قەتەرییەکەدا.

ئەکبەر ئەلباکر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەریش دەڵێت، "دوای ئەوەی زیاتر لە سێ ساڵ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە رێگەی دانوستاندنەوە هیچ ئەنجامێکی نەبوو، بڕیارماندا لە رێگەی یاساوە داوای قەرەبوو بکەین بۆ پاراستنی مافەکانمان و مسۆگەرکردنی قەرەبووی تەواو لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان."

کۆمپانیای هێلە ئاسمانییەکانی قەتەر لە دوای کۆمپانیای Emiratesی ئیماراتی، دووەم گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.













رووداو
Top