بریتانیا: سیخوڕەکانمان چاویان لە ئاستی روسیا دانەخستوە
ئەگەر بمانەوێت رێکاری نوێ لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی روسیا لە راپرسی ساڵی 2016 بگرینەبەر، دەبێت هەندێک بەڵگە لەبەردەست بێت
گرانت شاپس، وەزیری گواستنەوەی بریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی سکای نیوز-ی بریتانی رایگەیاند، "ئەگەر بمانەوێت رێکاری نوێ لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی روسیا لە راپرسی دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بگرینەبەر، دەبێت هەندێک بەڵگە لەبەردەست بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، بەڵام هیچ شتێک لەوبارەیەوە لە ئارادا نییە".
سیخوڕەکانی وڵاتەکەی چاویان لە ئاست روسیا نەتروکاندوە
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕوایەدا نیە ئەو دۆسییە پەیوەندی بە کەمتەرخەمی دەزگای هەواڵگیری بریتانیاوە هەبێت، سیخوڕەکانی وڵاتەکەی چاویان لە ئاست روسیا نەتروکاندوە.
دوێنێ سێشەممە لیژنەی ئاسایش و هەواڵگری بریتانیا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تائێستا هیچ لایەنێک لێکۆڵینەوەی لەبارەی دەستوەردانەکانی روسیا لە راپرسی دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا نەکردوە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی وڵاتەکە دانیان بە هەڕەشەی روسیا لە دەستوەردان لەو راپرسییەدا نابو.
لەبەرامبەردا حکومەتی بریتانیا رەتیکردەوە، هیچ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونێک بۆ پرسی دەستێوەردانی روسیا لەراپرسی جیابونەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا بکات و رایگەیاند، ئەوان باوەڕیان بە هەنگاوەکانی خۆیان هەیە و هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەوبارەیەوە ناکەن.
خەندان
