ترەمپ: ڤاکسینی کۆرۆنا زۆر زوتر لەوەی چاوەڕواندەکرێت بەردەستدەبێت

 ترەمپ: ڤاکسینی کۆرۆنا زۆر زوتر لەوەی چاوەڕواندەکرێت بەردەستدەبێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا چوار جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا کە لەوڵاتەکەیدا پەرەپێدراوە لەسەر مرۆڤ تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت، دەشڵێت، "چارەسەر و ڤاکسینی کۆرۆنا زۆر زوتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت بەردەستدەبێت".

ڤاکسین و چارەسەری کۆرۆنا بەخێراییەکی ئەوتۆ لە پەرەسەندندایە، کە سەرو هەمو پێشبینییەکان دەکەوێت


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "ڤاکسین و چارەسەری کۆرۆنا بەخێراییەکی ئەوتۆ لە پەرەسەندندایە، کە سەرو هەمو پێشبینییەکان دەکەوێت".

پێش ئەوەی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید-19 بەرەو کەمبونەوە بڕوات، دەبێت رەوشەکە بەرەو خراپبون بڕوات


ئەماژەی بەوەشکرد، زیادبونی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا ئاساییە، چونکە پێش ئەوەی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید-19 بەرەو کەمبونەوە بڕوات، دەبێت رەوشەکە بەرەو خراپبون بڕوات.

ترەمپ باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا چوار جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ پێدەکرێت، هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بەساڵاچوان لەو پەتایە بپارێزن.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕو، لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکەی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە هەندێک شوێنی دیکەدا کوالێتی پڕۆسەکە زۆر باش نییە، بۆیە بەستنی دەمامک هاوڵاتیان دەبێتە هۆی پاراستنیان کاتێک کە ناتوانن پارێزگاری لە ماوەی کۆمەڵایەتی نێوانیان بکەن.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زۆرترین زیانی بەهۆی کۆرۆناوە لێکەوتوە، كە تیایدا چوار ملیۆن و 28 هەزار و 733 کەس توشی پەتاکە بون، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 886 هەزار و 778 کەس چاکبونەتەوە، هەروەها ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ 144 هەزار و 958 کەس بەرزبوەتەوە.










خەندان
Top