پەنابەرێکی عێراقی لە کاری وەرگێڕانەوە گەیشتە شەقامی دەوڵەمەندترین کۆمپانیاکانی جیهان
فەیسەڵ موعەتەر، ئەو گەنجە عێراقییەیە و بەڕێوەبەری رێکخراوێکە بەناوی Ideas Beyond Borders، پەیامێکی بۆ ئەو عێراقییانە هەیە کە لە دەرەوەی وڵاتن و دەڵێت "ئێمە دەرفەتی زۆرمان بۆ کراوەتەوە بەهۆی ئەوەی لە ئەمریکا یاخود بەریتانیا و وڵاتانی دیکە دەژین، گرنگە هاوکاری لەنێوانمان هەبێت، چونکە لە کۆتاییدا ئێمە پێویستە وڵاتەکەمان بەدەستی خۆمان بونیادبنێینەوە، چونکە کەس نایەت لە دەرەوەی وڵات بۆمان بونیادبنێتەوە".
موعەتەر لە شەقامەکانی بەغداوە گەیشتووەتە شەقامەکانی وۆڵ ستریت، کە نووسینگەی دەوڵەمەندترین و دیارترین رێکخراو و کۆمپانیاکانی جیهانی تێدایە. پێشتر بەشێوەی سەربەخۆ کاری وەرگێڕانی کردووە. دوای کەمتر لە 10 ساڵ ژیان لە ئەمریکا، فەیسەڵ دەبێتە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کە ملیۆنان دۆلار پاڵپشتی و هاوبەشی هەیە لەگەڵ کۆمپانیا و رێکخراوە دیارەکانی ئەمریکا، وەکو ویکیپیدیا و گووگڵ. وەک خۆی دەڵێت، گەورەترین هاوکارییان لەگەڵ رێکخراوی ویکیپیدیایە کە بارەگاکەی لە شاری سانفرانسیسکۆیە و یارمەتیشیان لە گووگڵەوە دەستکەوتووە وەکو ئاسایشی دیجیتاڵی.
گووگڵ و ویکیپیدیا و ناوە دیارەکانی جیهانی تەکنەلۆجیا پشتگیری لە رێکخراوەکەی فەیسەڵ دەکەن، چونکە ئامانجی پرۆژەکەی فەیسەڵ بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای تووندئاژۆی هاوشێوەی داعشە لەڕێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە. رێکخراوەکەی بەناوی Ideas Beyond Borders، ئەرکی سەرەکیی وەرگێڕانی بابەتی زانستی و پەروەردەییە لە ئینگلیزییەوە بۆ عەرەبی و ئێستاش کوردی.
بەپێی ئەو ئامارانەی فەیسەڵ خستوونیەتەڕوو، تاوەکو ئێستا 600 هەزار و 500 بابەتیان لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی و نزیکەی 500 بابەتیشیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بۆ هەردوو زاراوەی کورمانجی و سۆرانی، ئەو وەرگێڕان بە پێویست دەزانێت و دەڵێت "کەمتر لە 1%ی بابەتەکانی سەر ئینتەرنێت بە زمانەکانی عەرەبی و کوردین، ئەگەر کەسێک ئینگلیزی نەزانێت، ئەوە جیهانی ئینتەرنێت و دەرفەتی فێربوونی زۆر کەمە".
گەنجان بەپەرۆشن بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە، چونکە دوای ئەوەی بەو هەموو کێشە و شەڕانە تێپەڕیون، دەیانەوێت چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژین، دەبینن کە زانست و پەروەردە و ئاشنابوون بە کولتووری جیاواز سوودی بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکانیان هەیە.
هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە پەیج و ماڵپەڕەکانی رێکخراوەکەی فەیسەڵ نزیکەی پێنج ملیۆن فۆڵۆوەر و خوێنەریان هەیە کە زۆربەیان گەنجن لە عێراق و باشووری کوردستان و سوود لەو بابەتە زانستیانە وەردەگرن کە رێکخراوی Ideas Beyond Borders لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریاندەگێڕێتە سەر زمانەکانی عەرەبی و کوردی.
زانیاریی فەرمی نییە کە چەند هاووڵاتیی عێراق و باشووری کوردستان ئێستا دانیشتووی ئەمریکان، بەڵام ژمارەیان هەزارانە و ژمارەیەکی زۆر کەمیان توانیویانە سوود لەو هەموو دەرفەتە وەربگرن کە لە ئەمریکا پێشکەشدەکرێت و پرۆژەی هاوشێوەی پرۆژەکەی فەیسەڵ دابمەزرێنن و کۆمپانیا یان رێکخراوێکی دیاریان هەبێت لەو وڵاتە.
رووداو
