نەمسا دەمامک دەکاتە ناچاری و ئیسپانیا هەڕەشەی دووبارە قەدەخەی تەواوەتیی هاتووچۆ دەکات
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چەند هەفتەی رابردوودا، سێباستیان کورز، راوێژکاری نەمسا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات کە لە سوپەرمارکێت، بانک و نووسینگەکانیاندا دەمامک بپۆشن و دەڵێت "پۆشینی ماسک دەکەین بە ناچاری".
پێشتریش لە نەمسا حکومەت داوایکردبوو لەو کەسانەی کە هۆکارەکانی گواستنەوە بەکاردەهێنن دەمامک بپۆشن، ئەوانەشی دەچنە نەخۆشخانە، دەرمانخانە و سەرتاشخانە و ساڵۆنەکان ماسک بپۆشن.
لە نەمسا تاوەکو ئیستا 19 هەزار و 827 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 710 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە و 17 هەزار و 716 تووشبووش چاکبوونەتەوە.
لێکۆڵەرێکی ئیسپانی بەناوی هێلین لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی قەدەخەی تەواوەتیی هاتووچۆ دەڵێت، راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی بۆ دووەمجار باجەکەی قورسترە.
ئیسپانیا لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی نۆیەمدایە و تاوەکو ئیستا 311 هەزار و 916 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 28 هەزار و 422 کەس گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر حکومەتی فەرەنسا بڕیاریدابوو بەوەی پۆشینی دەمامک لە وڵاتەکە بکات بە ناچاری لە سەرجەم شوێنە گشتییە داخراوەکان.
لە جیهاندا تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 614 هەزار و 470 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی نۆ ملیۆن تووشبووشیان چاکبوونەتەوە.
رووداو
