بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە لە سووریا فەرماندەیەکی سوپای پاسداران کوژرا
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرای کرد کە شەوی ڕابردوو بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە نزیک دیمەشق، میلیشیا سەربازییەکانی سەر بە ئێران کراونەتە ئامانج و فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانیش کوژراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە لەو هێرشەدا کە شەوی ڕابردوو 2020.7.20 ڕووی داوە، بە مووشەک چەند بنکەیەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا کراونەتە ئامانج و هاوکات دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز دیمەشقی هەژاندووە.
ڕوانگەی سووری ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەو هێرشە لەلایەن قەڵغانی بەرگریی ئاسمانیی سووریاوە وەڵامی دراوەتەوە هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریا ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە مووشەکەکانی ئیسرائیل ئامانجی خۆیان پێکاوە، بەبێ ئەوەی سیستەمی بەرگریی سووریا لە سێ شوێنی "ئەزرەع، سویدا و قەنیترە" پێشیان پێ بگرن.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانە، هێرش کراوەتە سەر "دەرعا و قەنیترە" لە باشووری سووریا کە تێیدا چەندین کەس بریندار بوون.
باس لەوە دەکرێت لەو هێرشانەدا کۆپتەری ئیسرائیل بەشدار بووە و ئامانجیان بنکە و پێگەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕژێمی سووریا بووە.
هەندێ سەرچاوەی دیکە جیا لە کوژرانی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران، باسیان لە کوژرانی ١٢ میلیشیای دیکە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە.
هەر لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران چەند گرووپ و میلیشیای دیکەی سەر بە ئێران وەک لەشکرەکانی "زەینەبیوون و فاتمیون" لەو وڵاتە جێگیر کراون و لە چەندین شوێن بنکەی سەربازی و کۆگای چەک و تەقەمەنییان هەیە و بەتایبەت لە "جەبەل ئەلمنە" لە نزیک شاری "ئەلکسوە" لە ١٥ کیلۆمەتریی باشووری دیمەشق چەندین بنکەی سوپای پاسداران تێیدا دانراوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە دەیان جار لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.
باسنیوز
