شای سعودیە و میری کوێت لە نەخۆشخانەن

شای سعودیە و میری کوێت لە نەخۆشخانەن
لەماوەی سێ رۆژدا، شای سعودیە و میری کوێت دوابەدوای یەکدی نەخۆشکەوتن و هەردووکیان لە نەخۆشخانە شاهانەکانی وڵاتەکانیان خەوێندراون. هەرچەندە دیوانی پاشایەتیی سعودیە و دیوانی میرایەتی کوێتیش جەخت لە جێگیریی باری تەندروستیی شا و میر دەکەنەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان باسی کۆچکردنیان هاتووەتە ئارا، کە وا پێشبینیدەکرێت کاریگەرییان هەبێت لەسەر پێشهاتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی ناوچەکە.

رۆژی دووشەممە 20ی تەممووزی 2020 شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز، شای سعودیە، کە تەمەنی 84 ساڵە هەواڵی گەیاندنی بە نەخۆشخانە لەلایەن دیوانی شاهانەی سعودییەوە راگەیێندرا. ئەوەش ئاشکرا بوو کە شا سەلمان تووشی هەوکردنی زراو بووە.

دیارترین نیشانەکانی هەوکردنی زراو، ئازارێکی تووندە لەلای راستی خوار پەراسوو و لەگەڵ هەناسەدانی قووڵ ئازارەکە زیاتر دەبێت. ئازاری بەشی لای راستی پشت لە ئاستی جگەرەوەو لەگەڵ دەستلێدانی شوێنی ئازار، ئازارەکە زیاتر دەبێت. لەرز و تا و ئارەقەی زۆرو رشانەوە و هێڵنجدان، هەڵاوسانی سک و زەردهەڵگەڕانی پێست و چاو لە هەندێک کاتدا لە نیشانەکانی دیکەی نەخۆشییەکەن.

رۆژی نەخۆشکەوتنی شا سەلمان، ئەو رۆژە بوو کە دیاریکرابوو بۆ سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعودیە و وابڕیار بوو چەندین رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە واژۆ بکات، بەڵام نەخۆشکەوتنی شا سەلمان سەردانەکەی دواخست بۆ کاتێکی دیکە. بەرپرسانی سعودی لە ئاستی باڵا داوای لێبووردنیان لە کازمی کرد و هیوایان خواست لەکاتێکی دیکە سەردانەکە بکرێت و بەشێوازێکی شایستە بتوانن پێشوازیی لێبکەن.

شا سەلمان، یەکێکە لە کوڕەکانی شای کۆچکردووی سعودیە عەبدولعەزیز ئال سعوود، کە باوکی 36 کوڕ و 27 کچ بوو، لەنێو ئەو هەموو کوڕەی شا عەبدولعەزیزدا تەنیا شەشیان بوونەتە پاشای وڵاتەکە:

- شا سعود بن عەبدولعەزیز 1953 – 1964

- شا فەیسەڵ بن عەبدولعەزیز 1964 – 1975

- شا خالید بن عەبدولعەزیز 1975 – 1982

- شا فەهد بن عەبدولعەزیز 1982 – 2005

- شا عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز 2005 – 2015

- شا سەلمان بن عەبدولعەزیز لە 2015 تاوەکو ئێستا

- شا سەلمان لە 31 -12-1935 لەدایک بووەو حەوتەمین شای سعودیەیە

لەماوەی حوکمڕانیی شا سەلماندا چەندین رووداو روویانداوە. دیارترینیان لە ئازاری 2015 فەرمانی دا بە دەستوەردانی سەربازی لە یەمەن دژی حووسییەکان و هاوپەیمانییەکی عەرەبی پێکهێنا، کە تاوەکو ئێستاش ئەو شەڕە بەردەوامە. هەروەها لە ساڵی 2017 محەممەد بن سەلمانی کوڕی کردە شازادەی جێنشین، کە گرنگی بە دۆسییەکانی گەشەپێدانی ئابووری لە سعودیە دەدات.

پێش ئەوەی شا سەلمان لووتکەی حوکمڕانیی وڵاتەکەش وەربگرێت، هەر قسەڕۆیشتوو بووە. بەپێی بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس لە ساڵی 2007 سەلمان بن عەبدولعەزیز پێیوابووە کە دیموکراسی گونجاو نییە بۆ سعودیە و وەکو موحافیزکارێک رەتیکردووەتەوە. باڵیۆزی ئەمریکا لە سعودیە لە نامەیەکیدا نووسیویەتی: چاکسازییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان کە شا عەبدوڵڵا دەیەوێت ئەنجامییان بدات دەبێت لەسەرخۆ جێبەجێبکرێن. ترسی ئەوەی هەبووە موحافیزکارەکان کە یەکێکیان شا سەلمان بووە کاردانەوەی تووند بنوێنن.

دوو رۆژ پێش هەواڵی نەخۆشکەوتنی شا سەلمان، هەواڵی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ شێخ سوباح ئەحمەد سوباع، میری کوێت بڵاوکرایەوە. هەواڵەکە رۆژی یەکشەممە 19ی تەممووزی 2020 لەلایەن شێخ عەلی جەڕاح، وەزیری کاروباری دیوانی میرایەتی بڵاوکرایەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە چ نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە.

شێخ سوباح ئەحمەد جابر سوباح لەساڵی 2006 بووە میری کوێت، ئێستا کە تەمەنی بووەتە 91 ساڵ ئیدی هەندێک لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بەشێوەکی کاتی داوەتە شێخ نەواف ئەحمەد سوباحی کوڕی، کە جێنشینیەتی.

ئەوە یەکەمجار نییە شێخ سوباح نەخۆش بکەوێت، ساڵی رابردووش لەمیانی سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەمریکا میری کوێت لەناکاو باری تەندروستی تێکچوو و رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

شێخ سوباح، پازدەیەمین میری کوێتە و لە 16-7-1929 لەدایکبووەو لە ساڵی 1954ەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووە، کە عەبدوڵڵا سالم سوباح میری ئەوکاتی کوێت وەکو ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ئەو وڵاتە دایمەزراند.

شا سەلمان پێش نەخۆشکەوتنی خۆی، بە تەلەفۆن لەگەڵ میری کوێت قسەی کردبوو لە هەواڵی تەندروستی پرسیبوو.










رووداو
Top