سێ وڵاتی ئەوروپی ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە تورکیا دەکەن
سێ وڵاتی ئەوروپی بەهۆی لیبیاوە، تاوتوێی سەپاندنی سزا دەکەن و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە تورکیا دەکەن.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەرسێ وڵاتی فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا رایانگەیاندووە، بەهۆی زیادبوونی کردە و ناکۆکییە چەکدارییەکان لە لیبیا، هەست بە مەترسی دەکەن.
نوێنەری ئەو سێ وڵاتە، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوە، داوایان لە لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا کردووە کۆتایی بە شەڕ بهێنن.
فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا داوایان لە وڵاتە هاوکارەکانی لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا کردووە چیتر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە نەکەن و رێز لە بڕیاری قەدەغەکردنی ناردنی چەک بۆ لیبیا، کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەرچووە، بگرن.
ئەو سێ وڵاتە هەڕەشەی سەپاندنی سزایان بەسەر ئەو وڵاتانەدا کردووە، کە لەڕێگای وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەوە چەک بۆ لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا دەنێرن.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی لیبیاوە، تورکیا بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری، پاڵپشتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمینی لیبیا پێکیان هێناوە.
باسنیوز
