هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی سووریا بەڕێوەدەچێت

هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی سووریا بەڕێوەدەچێت
رۆژی یەکشەممە 19ی تەممووزی 2020 هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا کە بە ئەنجوومەنی گەل ناسراوە بەڕێوەدەچێت. ئەوە لە کاتێکدایە نزیکەی 10 ساڵە قەیران و ئاڵۆزیی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کارگێڕی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.

شەڕی نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بووەتە هۆی وێرانکاریی، کۆچبەری و پەنابەربوونی ملیۆنان کەس و لە دەنگدان بەشدارنابن.

لەلایەکی دیکەشەوە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە 30٪ـی خاکی وڵاتەکەی لەدەستدایە، رایگەیاندووە هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن و رێگەش بە دانانی سندووقی دەنگدان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان نادەن.

ئەوە جگە لەوەی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگاکانی ئیدلب و رەققە و ناوچەکانی جەرابلووس، باب، ئەعزاز، عەفرین، گرێسپی و سەرێ کانی کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکاندان ناکرێت. ئەمەش وادەکات هەڵبژاردنەکە تەواوی وڵاتەکە نەگرێتەوە و پەرلەمانی داهاتووی سووریا نوێنەرایەتی هەموو ناوچە و پێکهاتەکان نەکات.

رۆژی 13ی نیسانی 2020 بۆ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی سووریا دەستنیشانکرابوو، دواتر بۆ 20ی ئایار دواخراو نەکرا. دوایین جار رۆژی 19ی تەممووز دیاریکرا.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە 15 بازنە کە حەوت هەزار و 313 بنکە لە خۆ دەگرێت دیاریکراون. هاوکات دوو هەزار و 100 کەسیش خۆیان بەربژێر کردووە.

لیستی سەرەکیی بەرەی نیشتمانییە کە حیزبی بەعسی سووری سەرۆکایەتیی دەکات؛ 166 بەربژێری بەعس و 17 بەربژێری حیزبە هاوپەیمانەکانی لەخۆدەگرێت.

پەرلەمانی ئێستای سووریا لە کۆی 250 پەرلەمانتار، 183 پەرلەمانتاریان لە پشکی حیزبی دەسەڵاتدارن. واتە تەنیا 67 پەرلەمانتار لە دەرەوەی فراکسیۆنی ئەو حیزبەن کە ئەمانیش رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ناگێڕن و بە لایەنگری حکومەت هەژمار دەکرێن. لەنێویشیاندا نزیکەی 25 بەربژێری کورد کە لە دەرەوەی حیزبە سیاسییە کوردییەکانی سووریا و رێڤەبەری خۆسەرن.

بەپێی ئەو لایەنە سیاسیانەی کە هەڵبژاردنیان بایکۆت کردووە، رێگە لە هەندێک لایەن و پێکهاتەی سووریا گیراوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.









رووداو
Top