ئامەد و دیلۆک لە باکووری کوردستان زۆرترین تووشبووی کۆرۆنایان لێ تۆمارکراوە

ئامەد و دیلۆک لە باکووری کوردستان زۆرترین تووشبووی کۆرۆنایان لێ تۆمارکراوە
وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە. ئامەد و دیلۆک زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسەکەیان لە باکووری کوردستان لێ تۆمارکراوە.

فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر بڵاویکردەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا هەریەک لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، دیلۆک، کۆنیا و ئامەد زۆرترین تووشبوویان لێ تۆمارکراوە. هەروەها کەمترین تووشبوویش لە ئارتڤین، دێرسم، بایبوورت، کڕکڵارئێلی و بارتن تۆمارکراوە.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزیری تەندروستیی تورکیا، سێ شاری تورکیا و دوو شاری باکووری کوردستان لە خراپترین ئەو شارانە دێن کە رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان تێیاندا روو لە هەڵکشانە و دێرسمیش سەلامەتترین شاری باکووری کوردستانە.

کۆجا بەبێ ئاماژەدان بە ژمارەی تووشبوون لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، هۆشداری لە پێشێلی دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی دەدات و داوای خۆپارێزی لە هاووڵاتییان دەکات.

لە تورکیا كۆی گشتیی ژماره‌ی مردووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته‌ پێنج هه‌زار و 475 كه‌س. هه‌روه‌ها بەگشتی ژماره‌ی توشبووانیش 218 هه‌زار و 717 كه‌سن.











رووداو
Top