لە بەرازیل تووشبووانی کۆرۆنا دوو ملیۆن و لە هیندستانیش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی وۆڵد ئۆمیتەر، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هیندستان گەیشتە یەک ملیۆن و 5 هەزار کەس، ئێستا لەسەر ئاستی جیهان، ئەو وڵاتە لە ریزی سێیەمدا دێت لەدوای بەرازیل کە ژمارەی تووشبووانی ئەو وڵاتەش لە هەڵکشانە و لە سەرووی دوو ملیۆن تووشبووی تۆمارکردووە.
لە هیندستان، ئامارە فەرمییەکان پیشانی دەدەن لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 35 هەزار تووشبوو و هەروەها 700 مردوو تۆمارکراون، ئەوە لە وڵاتێك کە ژمارەی دانیشتووانی یەک ملیار و 300 ملیۆن کەسە.
هەرچی بەرازیلە کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 212 ملیۆن کەسە، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا تێیدا گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 14 هەزار تووشبوو، کە نزیکەی 79 هەزار لەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە. لەو وڵاتەدا تەنانەت سەرۆکی وڵاتیش لە کۆرۆنا پارێزراو نییە و نزیکەی هەفتەیەکە تووشی کۆرۆنا بووە.
دوای بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان، حکومەتی هیندستان بڕیاریدا بە تووندترکردنی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان. لە شوێنە قەرەباڵخەکاندا قەدەخەی هاتوچۆی راگەیاندووەتەوە.
بەرپرسانی تەندروستی هیندستان ئاشکرایانکرد، وێڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و هەڵکشانی قوربانییانی ئەو نەخۆشییە، بەڵام هێشتا رێژەی قوربانیان بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، نزمە.
ئاشکراشیانکرد، ئامارەکان پیشانی دەدەن لەنێو هەموو یەک ملیۆن دانیشتووی هیندستان، 18 کەس بە کۆرۆنا گیانیلەدەستداوە، لەکاتێكدا لە ئەمریکا کە لە ریزی یەکەمی وڵاتانی جیهانە لەڕووی تووشبووانی کۆرۆنا، بۆ هەر یەک ملیۆن دانیشتوویەکی ئەو وڵاتە 417 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی رێکخراوەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ناوچەی باشووری ئاسیا و رایگەیاند: زیادبوونی تووشبووانی کۆرۆنا ئاماژەیەکە بەوەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، وڵاتانی باشووری ئاسیا دەبنە سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا.
جۆن فلیمینگ بەرپرسی یەکەمی یەکێتییەکە رایگەیاند: لەکاتێكدا جیهان بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور سەرقاڵە، چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە باشووری ئاسیا رووبدات.
ئەو 10 وڵاتەی زۆرترین تووشبووی کۆرۆنایان هەیە:
ئەمریکا
تووشبوو: 3,695,025
چاکبوونەوە: 1,679,633
مردن: 141,118
بەرازیل
تووشبوو: 2,014,738
چاکبوونەوە: 1,366,775
گیانلەدەستدان: 76,822
هیندستان
تووشبوو: 1,005,637
چاکبوونەوە: 636,602
گیانلەدەستدان: 25,609
رووسیا
تووشبوو: 752,797
چاکبوونەوە: 531,692
گیانلەدەستدان: 11,937
پیرۆ
تووشبوو: 341,586
چاکبوونەوە: 230,994
گیانلەدەستدان: 12,615
ئەفریقیای باشوور
تووشبوو: 324,221
چاکبوونەوە: 165,591
گیانلەدەستدان: 4,669
مەکسیک
تووشبوو: 324,041
چاکبوونەوە: 203,464
گیانلەدەستدان: 37,574
چیلی
تووشبوو: 323,698
چاکبوونەوە: 295,301
گیانلەدەستدان: 7,290
ئیسپانیا
تووشبوو: 305,935
گیانلەدەستدان: 28,416
بەریتانیا
تووشبوو: 292,552
گیانلەدەستدان: 45,119
رووداو
