بەریتانیا سەربازەکانی لە بنکەی تاجی دەگوازێتەوە

بەریتانیا سەربازەکانی لە بنکەی تاجی دەگوازێتەوە
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، ئەو ئەفسەر و سەربازانەی بە مەبەستی مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان لە بنکەی تاجین دەیانگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکەی نێوخۆی عێراق، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی شوێنەکە بکات.

هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا گەییشتووەتە ئەو بڕوایەی راهێنەرە عێراقییەکان توانای باشیان پەیداکردووە و دەتوانن خۆیان ئەرکی مەشق و راهێنانەکان بگرنەئەستۆ.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە شەش ساڵی رابردوودا، هێزەکانیان لە بنکە جیاوازەکانی عێراق مەشق و راهێنانیان بە 120 هەزار پێشمەرگە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، "ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەرکی راهێنانەکان لە یەکێک لەو بنکە سەربازییانە بدەنە دەستی هێزە عێراقییەکان خۆیان. پێکانی ئامانج، دۆزینەوەی مین و تەقەمەنی، وانەکانی تایبەت بە تواناکانی پاسەوانیکردن هەموویان بەشێکبوون لە پرۆگرامی مەشقکردن بە سەبازە عێراقییەکان. یەکێک لە بەشدارییە هەرە گرنگەکانی سەربازانی بەریتانیا ئەوە بووە کە راهێنانیان بە راهێنەرەکان کردووە".

هەروەها لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا هاتووە، داعش هێشتا بە هەڕەشە ماوەتەوە بۆ سەر عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، زیاتر لە 100 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە عێراق ماونەتەوە بۆئەوەی هاوکاریی هێزە عێراقییەکان بکەن لە پارستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیش لە ئاسمانەوە شەڕی داعش دەکات.

دەقی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا:

داعش لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئاژاوە و نائارامیی بەنێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردەوە و هەزاران خەڵکی کوشت و چەندین شوێنی وێرانکرد، وایکرد تەرمی مرۆڤەکان لە ژێر داروپەرتوودا بمێننەوە. ئەو کارەیان بەردەوامبوو تاوەکو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە ستەمکارییەکانی هێنا و بەرەوپێشچوونەکانی وەستاندن. ئێمە لێرە لە بەریتانیا زۆر بە باشی دەزانین کە ئەگەر بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرە رێکخراوانە نەکرێت، ئەوا تیرۆر بەردەدەنە نێو شەقامەکانمان بە شێوەیەک کە کار لە هەموومان دەکات. لەبەر ئەوەش هێزە سەربازییەکانی بەریتانیا لە دەرەوەی وڵات شەو و رۆژ کاردەکەن بۆئەوەی تیرۆر بنبڕکەن و بەریتانیا بە پارێزراوی بهێڵنەوە.

هێزەکانمان بۆ شەقامەکانی بەغدا و بیابانەکانی عێراق نامۆ و بیانی نین، چونکە دوایین ئەرکیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە بوو کە شان بە شانی هێزە عێراقییەکان کاربکەن بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ عێراق فەراهەمبکەن تاوەکو تێیدا بژین و کاربکەن.

لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، هێزەکانی بەریتانیا لە بنکە جیاوازەکانی عێراق مەشق و راهێنانیان بە 120 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەرکی راهێنانەکان لە یەکێک لەو بنکە سەربازیانە بدەنە دەستی هێزە عێراقییەکان خۆیان. پێکانی ئامانج، دۆزینەوەی مین و تەقەمەنی، وانەکانی تایبەت بە تواناکانی پاسەوانیکردن هەموویان بەشێکبوون لە پرۆگرامی مەشقکردن بە سەبازە عێراقییەکان. یەکێک لە بەشدارییە هەرە گرنگەکانی سەربازانی بەریتانیا ئەوە بووە کە راهێنانیان کردووە.

هێزەکانمان جگە لەوەی کە توانیویانە توانای سەربازە عێراقییەکان زیادبکەن، وانەشیان بە راهێنەرەکانیان داوە و ئێستا راهێنەرە عێراقییەکان توانای ئەوەیان هەیە کە مەشق و راهێنان بە سەربازەکانیان بکەن و لەمەودوا ئەوە ئەرکی خۆیان دەبێت، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی کە خۆیان بەشی ئەوە بەهێز و پیشەگەرن کە بتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە.

هەڕەشەی سەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق زۆر جیددیە. ئەمساڵ یەکێک لەو هێرشانە بووە هۆی گیانلەدەستدانی تراژیدیی سەربازی پلە یەک، برۆدی گیلۆن کە سەربازێکی پزیشکیی یەدەگ بوو. ئەوە وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئەو مەترسیەی کە رۆژانە ئەندامانی سوپاکەمان رووبەڕووی دەبنەوە.

داعش بە دڵنیاییەوە هێشتا توانای ئەوەی ماوە هێرشی گەریلا-ئاسا لە نێو عێراقدا ئەنجامبدات و ئایدۆلۆژیای خۆی بڵاوبکاتەوە کە دەبێتە هاندەر بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر لەو ناوچەیە. لە کاتێکدا کە بەرەوپێشچوون تۆمارکراوە، بەریتانیا تەواو پابەندە بە عێراقی ئارام و لەنێوبردنی داعش، لەبەر ئەوەش زیاتر لە 100 سەرباز و ئەندامانی سوپای بەریتانیا لەوێ ماون بۆئەوەی هاوکاریی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بکەن. لە هەمانکاتیشدا هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا بەردەوامە لە شەڕکردن لە ئاسمانی عێراق و سووریا.








رووداو
Top