وەزیری بەرگریی تورکیا هەڕەشە لە ئەرمینیا دەکات
خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی تورکیا پێشوازیی له رامیز تاهیرۆڤ، جێگری وه‌زیری به‌رگریی ئازه‌ربایجان و فه‌رمانده‌ی هێزه ئاسمانییه‌كانی ئەو وڵاته و شاندی یاوه‌ری كرد؛ ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له‌دوای گرژییەکانی رۆژانی رابردووی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا په‌یوه‌ندیی به ئیلهام عه‌لیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و خۆیشی په‌یوه‌ندی به زاكیر حه‌سه‌نۆڤ، وه‌زیری به‌رگریی ئازه‌ربایجانەوە كردووه و له نزیكه‌وه چاودێریی پێشهاته‌كان دەکەن.
وه‌زیری به‌رگریی توركیا دەڵێت، سه‌باره‌ت به رووداوه‌كان هه‌رچییه‌ك پێویست بێت ئه‌نجامده‌درێت و "ئه‌و هێرشه چەپەڵەی كرایه سه‌ر ناوچه‌ی تۆڤووز به تووندی سەرکۆنە ده‌كه‌ین. ئازاری ئازه‌ربایجان ئازاری ئێمه‌یه. ده‌مه‌وێت هه‌مووتان ئه‌وه بزانن كه هه‌ر جۆره گرفتێك رووبه‌ڕووی ئێوه ببێته‌وه له‌وێ، لێره زۆر به قووڵی هه‌ستی پێده‌كرێت".
خولوسی ئاكار گوتیشی "ده‌مه‌وێت گوزارشت له‌وه بكه‌م كه دڵنیاین خوێنی ئازەرییەکان به‌فیڕۆ ناڕوات. له هه‌موو ناوه‌ندێكدا ئه‌وه‌مان گوتووه، مه‌حاڵه داگیركاریی قه‌ره‌باغی سه‌روو كه هیچ بنەمایەکی یاسایی یان ره‌وایه‌تی نییه، قبووڵ بكه‌ین، به‌رده‌وامیش ده‌بین له گوتنەوەی. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه پشتیوانیی خه‌باتی خوشك و برا ئازه‌ربایجانییه‌كانمانین".
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە باوه‌ڕیان به‌وه‌یه كه ئەوان دوو ده‌وڵه‌ت و یه‌ك گه‌لن، دەشڵێت "سەرۆککۆمارمان هه‌ر له یه‌كه‌م ساته‌وه باسی لەوە كردووە، ئه‌مه به‌ڕاستی هه‌وڵێكه كه له توانای ئه‌رمه‌نییه‌كان گه‌وره‌تره. ئێمه‌ش ده‌ڵێین، دەکەونە ناو ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌ی ناویانه‌ته‌وه و به دڵنیاییه‌وه باجی ئه‌و كاره دەدەن کە كردوویانه".
رۆژی 12ی ئەم مانگە شەڕ لە سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا؛ دوو سەربازی ئازەربایجانی کوژران و 5 سەربازی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بڵاویکردەوە، سوپای ئەرمینیا لە هەرێمی تۆڤووزی باکووری وڵاتەکەیەوە هێرشێکی ئەنجامداوە، بەڵام بە تووندی وەڵامی دراوەتەوە و پاشەکشەی پێ کراوە.
ئەرمینیاش رەخنەی تووندی لە ئازەربایجان گرت و بە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕەکەی ناوبرد. شوشان ستیپانیان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، سوپای ئازەربایجان هێرشێکی ئەنجامداوە و مەبەستی بووە "چەند پێگەیەکمان کۆنترۆڵ بکات".
ستیپانیان گوتیشی، هێرشەکەی سوپای ئازەربایجان تێکشکێندرا، چەند کەسێکیان لێ کوژرا و برینداربوون و هیچ کەسێکیش لەناو ریزەکانی سوپای ئەرمینیادا نەبووە قوربانی.
رووداو
