کەنەدا و ئەمریکا و بەریتانیا: هاککەرەکانی رووسیا کۆمپانیاکانی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکەنە ئامانج

کەنەدا و ئەمریکا و بەریتانیا: هاککەرەکانی رووسیا کۆمپانیاکانی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکەنە ئامانج
بەرپرسانی ئەمنیی کەنەدا، ئەمریکا و بەریتانیا دەڵێن، زانیارییان هەیە کە هاککەرەکانی رووسیا ئەو كۆمپانیایانە دەکەنە ئامانج کە خەریکی دۆزینەوەی چارەسەر و ڤاکسینن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنیی ئەو سێ وڵاتە، گرووپە رووسییەکە گرووپێکی هاککردنن بەناوی APT29، هەروەها بە ناوەکانی the Dukes یان Cozy Bearیش چالاکییان هەیە. بەپێی زانیارییەکان، گرووپی Cozy Bear یەکێکە لەو دوو گرووپە هاککەرەی کە پەیوەندیی لەگەڵ هەواڵگریی رووسیا هەیە و دەگوترێت لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016ی ئەمریکادا توانیویانە بچنە نێو سیستەمی ناوخۆیی لیژنەی نیشتمانیی دیموکراتی سەر بە پارتی دیموکراتی ئەمریکا.

لە چەند مانگی رابردووشدا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا چەندجارێک هۆشدارییان لە هێرشی ئەلیکترۆنی داوە دژ بەو رێکخراوانەی کە بەشدارن لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە دەڵێن، نەخۆشخانەکان، تاقیگەکانی لێکۆڵینەوە و کۆمپانیاکانی دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانیش لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکاندا بەرکەوتوون؛ تەنانەت وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی سەر بە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگری لە نەخۆشیی ئەمریکاش بەرکەوتووە. بەشێک لە بەرپرسان رووسیا و چین بە بەرپرسیاری یەکەمی هێرشەکان دەزانن.

ئان نیوبەرگەر، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئینتەرنێتیی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، ئەو گرووپە مێژوویەکی درێژیان لە بەئامانجگرتنی حکومەت، دیپلۆماتکار، بنکە تەندروستییەکان و رێکخراوەکانی وزەدا هەیە لەپێناو دەستکەوتی هەواڵگری، هەربۆیە هەمووان هاندەدەن کە ئەم هەڕەشەیە بە جیددی وەربگرن.

سەنتەری ئاسایشی ئینتەرنێتی نیشتمانیی بەریتانیاش دەڵێت، تاڕاددەیەک دڵنیان لەوەی کە گرووپەکە وەکو بەشێک لە هەواڵگریی رووسیا کار دەکات؛ ئیدانەی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەشیان کردووە کە دەکرێنە سەر ئەو شوێنانەی خەریکی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دۆزینەوەی ڤاکسین و چارەسەرن بۆی.

پێشتریش دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا ئەو شوێنانە بەئامانج دەگرن کە خەریکی دۆزینەوەی ڤاکسینن بۆ کۆرۆنا و گوتیشی، ئەمە "قبووڵنەکراوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهاندا لە 14 ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە و ژمارەی ئەو تووشبووانەی کۆرۆناش کە گیانیان لەدەستداوە نزیکەی 600 هەزار کەسە. ئەمریکا لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە پلەی یەکەم، بەریتانیا لە پلەی 10یەم و کەنەداش لە پلەی 21ـەمدا دەبینرێن.








رووداو
Top