چین بە زمانێکی تووند وەڵامی سزاکانی ئەمریکا دەداتەوە
لە پێشهاتێکی نوێدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانێکی واژۆکرد کە وادەکات چیدیکە ئەمریکا وەکو هەرێمێکی تایبەت لە هۆنگ کۆنگ نەڕوانێت، بەڵکو وەکو بەشێک لە چین لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانیدا سەیری بکات؛ ئەمە وێڕای ئەوەی سزا دەخاتە سەر ژمارەیەک بەرپرسی چینی کە بەشداربوون لەو هەنگاوەی کە ئەمریکا بە نەهێشتنی سەربەخۆیی هۆنگ کۆنگ ناوی دەبات.
چینیش لە بەرامبەردا تۆمەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هواوی و هۆنگ کۆنگ رەتدەکاتەوە و هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەویش لای خۆیەوە سزا بەسەر بەرپرس و کۆمپانیاکانی ئەمریکادا بسەپێنێت.
هوا چونیینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژە بەوە دەکات چین وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، دەبێت بەهێزەوە بڵێت، |نەخێر لە بەرامبەر نادادپەروەری و سووکایەتییەکانی ئەمریکا و لە داهاتوودا رێکاری بەهێز دەگرێتەبەر بۆئەوەی سەروەری و بەرژەوەندی و ئاساییشی خۆمان بپارێزین".
چونیینگ هێرش دەکاتە سەر ئەمریکا و بە "گەورەترین پێشێلکەری مافی مرۆڤە لە جیهاندا" تۆمەتباری دەکات، دەشڵێت "تۆمەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە چین گەورەترین درۆی ئەم سەدەیەن و دەبێت ئەو بەرپرسانەی وایانگوتووە شەرم لە خۆیان بکەن. پێموایە میدیا و خەڵکی ئەمریکاش بەهۆی سەرکردەکانیان پەستبووبن کە پڕن لە درۆ".
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی راگەیاندنی فەرمانەکە گوتی "یاسای سەربەخۆیی هۆنگ کۆنگ کە واژۆمکرد، بە کۆی دەنگ لە لایەن کۆنگرێسەوە پەسندکرا. ئەم یاسایە ئامرازی بەهێز بە کابینەکەم دەدات بۆ سزادانی ئەو کەس و دامەزراوانە کە بەشداربوون لە لەنێوبردنی سەربەخۆیی هۆنگ کۆنگ".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پەسنی بڕیاری بەریتانیای کرد بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنان و کڕینی تەکنەلۆژیای فایڤ جی لە کۆمپانیای هواوی و گوتیشی، واشنتن قەدەخەی گەشتکردن بەسەر کارمەندەکانی کۆمپانیا چینیەکەدا دەسەپێنێت، "ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکەش کە واشنتن پێیوایە هاوکاری پارتی کۆمۆنیستی چین دەکەن لە چەوساندنەوەی موسڵمانانی ئیگۆر، دەکەونە بەر هەمان سزا".
ناکۆکییەکانی ئەمریکا و چین دوای بڵابوونەوەی کۆرۆنا زیاتر پەرەیانسەند، کاتێک واشنتن ئەو وڵاتەی بە شاردنەوەی زانیارییەکان لە جیهان تۆمەتبارکرد و ئێستاش ناکۆکییەکانیان لەسەر بابەتەکانی بازرگانی، تەکنەلۆژیای هواوی، موسڵمانانی ئیگۆر و دەریای باشووری چین لە ئاڵۆزبوونی بەردەوامدان.
رووداو
