میدیای ئێران: پووتین پشتگیری لە بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەمان دەکات

میدیای ئێران: پووتین پشتگیری لە بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەمان دەکات
میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سوپاسی ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای کردووە کە پشتیوانیی لە رێککەوتنی ئەتۆمی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەمریکا دەکات.

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2020، پێداگریی لەسەر پێویستیی پاراستن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووەتەوە؛ هەروەها جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا کردووەتەوە، کە دەیەوێت گەمارۆکانی چەکی سەر ئێران درێژبکرێنەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵیی ئیرنا کە زمانحاڵی حکومەتی ئێرانە، سەرۆکی رووسیا گوتوویەتی، وەکو پێنج ساڵی رابردوو پشتگیری لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکەین و پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەکەینەوە.

13 ساڵ لەمەوبەر گەمارۆی چەک خرایە سەر ئێران، بەپێی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نزیکەی سێ مانگی دیکە گەمارۆکان نامێنن. ئەمریکا هەوڵێکی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە بۆئەوەی ئەو گەمارۆیانە درێژبکرێنەوە.

ئەمریکا دوو ساڵ لەمەوبەر لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. ئێران لە هەڵسوکەوتی وڵاتانی ئەوروپا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی گلەیی هەیە و دەڵێت "ئەوان خواستەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکەن"، بەڵام هەمیشە بە رێزەوە باسی رووسیا و چینی کردووە لە پابەندی و پشتگیرییان لە رێککەوتنی ئەتۆمی.

حەسەن رووحانی بە ئاماژە بە دانیشتنەکانی ئاستانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا، گوتوویەتی، هاوکاریی سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و رووسیا لەم پەیوەندییەدا پێویستە و جەختی لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکانی دانیشتنەکانی ئاستانە کردووەتەوە.







رووداو
Top